ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری: لە 24 کاتژمێری داهاتوودا جێگرەوەی خامنەیی دیاریی دەکەین

ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری ئاشکرای کرد، کە هەوڵەکان چڕ کراونەتەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا کۆبوونەوەی نائاسایی بۆ دیاریکردنی رێبەری نوێ ئەنجام بدەن، هاوکات مەرجەعە ئایینییەکان جەخت لە پڕکردنەوەی خێرای ئەو بۆشاییە دەکەنەوە.

ئایەتوڵڵا موزەفەری، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری لە ئێران، ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئاداری 2026، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە دا، کە ئاراستەیەک هەیە بۆ بەستنی کۆبوونەوەی تایبەت بە هەڵبژاردنی رێبەری نوێی وڵات لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا.

موزەفەری، ڕوونی کردەوە، "نوێنەرانی گەل لە ئەنجوومەنی شارەزایان ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە بە مەبەستی هەڵبژاردنی رێبەری نوێ و جێبەجێکردنی ئەرکە مێژووییەکەیان". هاوکات هیوای خواست کە ئەم پرسە بە زووترین کات یەکلایی بکرێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری میدیا فەرمییەکانی ئێرانەوە بڵاویکردەوە کە مەکارم شیرازی، مەرجەعی باڵای ئایینیی، داوای کردووە دەستبەجێ رێبەرێکی باڵای نوێ دەستنیشان بکرێت، بەو پێیەی ئەم هەنگاوە "پێویستییەکی هەنووکەییە بۆ باشتر بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات".

ئەمەش لە کاتێکدایە عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران، رۆژی شەممەی رابردوو لە یەکەم رۆژی هەڵگیرسانی جەنگدا، بەهۆی بۆردومانێکی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر شوێنی مانەوەی، گیانی لەدەستدا.