وەزیری دەرەوەی چین: نەدەبوو جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبدات
وەزیری دەرەوەی چین داوای راگرتنی دەستبەجێی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران دەکات و جەخت لەسەر پاراستنی سەروەریی وڵاتانی کەنداو دەکاتەوە؛ هاوکات لە پەیامێکی بڕیارداوپەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ رووسیا بە پتەو و جێگیرن.
یەکشەممە 8ی ئاداری 2026، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: داوا دەکەین ئەمەریکا-ئیسرائیل و ئێران دەستبەجێ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ڕابگیرێن.
گوتیشی: پێویستە رێز لە سەروەری و ئاسایشی ئێران و وڵاتانی کەنداو بگیرێت، چونکە بەکارهێنانی هێز رێگەچارە نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
وانگ یی ئاماژەی بە دۆخی ناوچەکە کرد و گوتی: جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووداوێک بوو کە هەرگیز نەدەبوو ڕووبدات. هاوکات داوای لە هەموو لایەنەکان کرد بە زووترین کات بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی چین داوای لە زلهێزە جیهانییەکان کرد کە رۆڵێکی ئیجابی و بنیاتنەر بگێڕن لەم دۆخەدا.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ مۆسکۆ، وانگ یی پەیامێکی یەکلاکەرەوەی دا و گوتی: پەیوەندییەکانی چین و ڕووسیا لە ناوەڕاستی ژینگەیەکی نێودەوڵەتی ئاڵۆز و پڕ لە گرژیدا، پتەون، جێگیرن و لێکەترازان و تێکچوونیان تێدا نییە.