پزیشکیان: بە توندی وەڵامی هەر هێرشێک دەدەینەوە کە بکرێتە سەرمان
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، هۆشداری توند دەداتە هەر لایەنێک کە بیەوێت هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی و جەخت دەکاتەوە، تاران لە بەکارهێنانی خاکی وڵاتانی دیکە بۆ هێرشکردنە سەری بێدەنگ نابێت، هاوکات، رەخنەی توند ئاراستەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات بەهۆی بەردەوامیی جەنگی غەززە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی ئاداری 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران بە توندی وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەداتەوە کە بکرێتە سەری، سەرەڕای ئەم هۆشدارییە، پزیشکیان ئاماژەی بەوەش دا، تاران بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ پاراستن و بەهێزکردنی پەیوەندییە برایانەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.
لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆککۆماری ئێران گوتی، "دوژمنان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ دروستکردنی ناکۆکی و دووبەرەکی لە نێوان ئێران و وڵاتانی ناوچەکە"، جەختیشی کردەوە، ئێران بە هەموو هێزێکەوە رووبەڕووی ئەوانە دەبێتەوە کە دەستدرێژی دەکەنە سەری و هیچ فشارێک ناتوانێت تارانی ناچار بە خۆ رادەستکردن بکات.
پزیشکیان هۆشدارییەکی ناڕاستەوخۆشی دایە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و رایگەیاند، "ئەگەر خاکی هەر وڵاتێک وەک پێگەیەک بۆ هێرشکردن یان دەستدرێژیکردنە سەر ئێران بەکار بهێنرێت، ئێمە لە وەڵامدانەوە دوودڵ نابین."
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا و سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت کەرتی غەززە، سەرۆککۆماری ئێران هێرشی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی واشنتن و تەلئەڤیڤ و بە سەرسوڕمانەوە پرسیاری کرد، "ئایا ئەمریکا و ئیسرائیل هیچ شەرمێک لە خۆیان ناکەن کە بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 50 هەزار منداڵ لە غەززە؟".