ئیسرائیل ژێرخانی وزەی ئێران دەکاتە ئامانج

سوپای ئیسرائیل قۆناخێکی نوێی جەنگی دژی تاران دەستپێکرد و چەندین کۆگای سووتەمەنی و پاڵاوگەی لە تاران بۆردومان کرد، سەرچاوەیەکی ئەمنیش دەڵێت: "رژێمی ئێران چیدی ناتوانێت پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ هاووڵاتییانی دابین بکات."

سەرچاوەیەکی ئەمنی ئیسرائیل بە کەناڵی 12ی ئەو وڵاتەی راگەیاند، ئەو کۆگایانەی لە تاران کراونەتە ئامانج، کۆگای سووتەمەنی ستراتیژی بوون کە رژێمی ئێران بەکاریان دەهێنێت. ئەو سەرچاوەیە جەختی کردەوە کە فشارەکان بۆ سەر تاران لە زیادبووندان و گوتی: "بەم زووانە رژێم توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی بۆ هاووڵاتییان نامێنێت و هێشتا قسەی کۆتاییمان نەکردووە."

هاوکات دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکان کۆگاکانی نەوت و دامەزراوەکانی پاڵاوتنیان لە پایتەختی ئێران پێکاوە. تۆڕی "سی ئێن ئێن"یش لە زاری سەرچاوەیەکی ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە، لێدانی بنکەکانی سووتەمەنی قۆناخێکی نوێی ئەو جەنگەیە کە لە هەفتەی رابردووەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا دەستیپێکردووە و ئەمە یەکەمجارە ئەو جۆرە دامەزراوانە دەکرێنە ئامانج.

لە بەرانبەردا، ئاژانسی "میهر"ی ئێرانی دەنگی چەندین تەقینەوەی گەورەی لە تاران راگەیاند. سوپای پاسدارانی ئێران وەک وەڵامێک بۆ بۆردومانکردنی پاڵاوگەی تاران، رایگەیاند کە پاڵاوگەی "حەیفا"یان لە ناوخۆی ئیسرائیل بە مووشەک کردووەتە ئامانج.

گرژییەکانی ناوچەکە لە 28ی شوباتی رابردووەوە گەیشتنە لوتکە، کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئێران و تێیدا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی و چەندین بەرپرسی باڵای سەربازی کوژران. لە بەرانبەریشدا ئێران چەندین هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل و دامەزراوەکانی وزە لە چەند وڵاتێکی ناوچەکە ئەنجامدا.