لە بەحرەین وێستگەکانی ئاو دەکرێنە ئامانج

پردی مەحریق لە بەحرەین
پردی مەحریق لە بەحرەین

جەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران پێی ناوەتە قۆناخێکی مەترسیدارەوە و هەردوولا دەستیان کردووە بە ئامانجگرتنی وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاو؛ بەحرەین ئێرانی بە لێدانی وێستگەیەکی مەدەنی تۆمەتبار کرد و تاران-یش دەڵێت واشنتن وێستگەی "قشم"ی بۆردوومان کردووە.

وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین رایگەیاند، ئێران لە رێگەی هێرشێکی درۆنییەوە زیانی بە وێستگەیەکی پاڵاوتن و پاککردنەوەی ئاوی خواردنەوە گەیاندووە. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "دوژمنکارییەکانی ئێران بە شێوەیەکی هەڕەمەکییانە ئامانجە مەدەنییەکان دەپێکێت و ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژیانی دانیشتووان دروست دەکات."

ئەم هێرشەی سەر وێستگەکەی بەحرەین لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە ئێران بە فەرمی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی "قشم"ی لە باشووری ئەو وڵاتە بۆردوومان کردووە. تاران راشیگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا بنکەی سەربازی "جوفەیر"یان لە ناوخۆی بەحرەین بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشە بەکارهێناوە.

وڵاتانی ناوچەی کەنداو و بە تایبەتی ئێران، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاوی دەریا دەبەستن بۆ دابینکردنی ئاوی سازگار و شیاو بۆ خواردنەوە. ئەو وێستگانە ئاوی سوێری دەریا و کانزا و توخمە پیسەکان دەپاڵێون بۆ ئەوەی ئاوی پاك بۆ دانیشتووان بەرهەم بهێنن.

شارەزایانی یاسایی هۆشداری دەدەن کە بەگوێرەی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی ئاو و پاککردنەوەی، وەک "تاوانی جەنگ" هەژمار دەکرێت، چونکە ئەو دامەزراوانە پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بە مانەوەی ژیانی خەڵکی مەدەنییەوە هەیە و پەککەوتنیان کارەساتێکی مرۆیی لێ دەکەوێتەوە.