کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران: نزیکەی 14 هەزار شوێنی مەدەنی بۆمبباران کراوە
سەرۆکی کۆمەڵەی سووری مانگی ئێران دەڵێت، ئەمریکا و ئیسرائیل لە هێرشەکانیاندا دەست لە هیچ شوێنێکی مەدەنی ناپارێزن و تا ئێستا نزیکەی 14 هەزار شوێنی مەدەنی کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەک خەڵکی سڤیل کوژراون.
پیرحوسێن کۆلیوەند، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئاداری 2026، رایگەیاند، لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، تا ئێستا 13 هەزار و 805 شوێنی مەدەنی زیانیان پێگەیشتووە، لەنێویاندا 2383 شوێنی بازرگانی، 11 هەزار و 293 خانووی هاووڵاتیانە.
کۆلیوەند دەڵێت "هەر لە هێرشەکاندا 65 قوتابخانە زیانی زۆریان پێگەیشتووە، 9 نەخۆشخانەش لەکارخراون. ئەمەش لە کاتێکدایە، هەردوو وڵاتەکە بانگەشەی ئەوەی دەکەن کە هیچ شوێنێکی مەدەنی ناکەنە ئامانج، بەڵا لە زۆربەی شوێنەکاندا هاووڵاتیانی مەدەنی بوونەتە قوربانی".
پیرحوسێن کۆلیوەند دەڵێت "بە داخەوە تەنیا ئەمڕۆ دووشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تەنیا لە تاران 20 شوێنیان کردووەتە ئامانج، لە نێویاندا لە جەنەت ئابادی باشوور و لە پارێزگای ئەلبورز چەند شوێنێکی مەدەنی و خانووی خەڵکی مەدەنیان کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی کوژران و برینداربوون".
دەشڵێت "بەداخەوە ئەمریکا و ئیسرائیل هیچ رێسا و یاسایەکی مرۆڤدۆستانە رەچاو ناکەن".