سوپای سووریا بۆ حزبوڵڵا: بەرانبەر هیچ دەستدرێژییەک بێدەنگ نابین
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا، چەکدارانی حزبوڵڵای لوبنانی تۆمەتبار کرد، کە چەند خاڵێکی سەربازیی سوپای وڵاتەکەیان لە نزیک ناوچەی سەرگایە لە رۆژئاوای دیمەشق کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان کە ئاژانسی "سانا" بڵاویکردووەتەوە، چەند گوللە تۆپێک لە خاکی لوبنانەوە ئاراستەی ناوچەی سەرگایە لە رۆژئاوای دیمەشق کراون و لە ناو خاکی سووریا کەوتوونەتە خوارەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: " ئەندامانی حزبوڵڵای لوبنان ئەو گوللە تۆپانەیان ئاراستەی خاڵەکانی سوپای سووریا کردووە". هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە جووڵەی سەربازی و رەوانەکردنی هێزی زیاتری حزبوڵڵا بۆ سەر سنوورەکانی نێوان سووریا و لوبنان بینراوە.
سوپای سووریا جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن و هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێستەکان دەکەن، هاوکات پەیوەندییان بە سوپای لوبنانەوە کردووە بۆ تاوتوێکردنی بژاردە گونجاوەکان.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، سوپای سووریا هۆشداری داوە و رایگەیاندووە: "سوپای سووریا بەرانبەر بە هەر دەستدرێژییەک کە بکرێتە سەر خاکەکەی، بێدەنگ نابێت و چاوپۆشی لێ ناکات".