فایەق زێدان: رێکاری یاسایی بەرانبەر هێرشکارانی سەر نێردە دیپلۆماسییەکان دەگرینە بەر

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبوونەوە و پرسی رێکارە یاساییەکانیان بەرانبەر ئەو کەسانە تاوتوێ کرد، کە هێرش دەکەنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان و دامەزراوە حکوومییەکان.

ئەمڕۆ سێشەممە 10ی ئاداری 2026، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، پێشوازی لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی رێکارە دادوەری و یاساییەکان کرا بەرانبەر ئەنجامدەرانی تاوانە تیرۆریستییەکان، بەتایبەتی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان، دامەزراوە دەوڵەتییەکان و هاووڵاتییان لە عێراق.

کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و وەزیری دەرەوەی عێراق لە کاتێکدایە، کە شەوی رابردوو هەوڵێکی دیکە بۆ بەئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسییەکان لە هەرێمی کوردستان تێکشکێنرا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، شەوی دووشەممە 9ی ئاداری 2026، کاتژمێر 22:24، هێزەکانی هاوپەیمانان سێ درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند و خستە خوارەوە.

دژەتیرۆری کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، پارچە و پاشماوەی یەکێک لە درۆنە تێکشکاوەکان لە نزیک کونسوڵخانەی ئیمارات لە هەولێر کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.