وەزارەتی دەرەوەی عێراق: پابەندین بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان
وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرکۆنەی ئەم هێرشانە دەکات کە دەکرێتە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان و کونسوڵخانەکان لە بەغدا و هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی ئاداری 2026، لە راگەیەندراوێکدا، سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە نێردە دیپلۆماسیی و کونسوڵخانەکانی بەغدا و هەرێمی کوردستانیان کردۆتە ئامانج و دەڵێت، ئەم کارانە سەرکۆنە کراون.
وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەڵوێستی عێراق نەگۆڕە و هەر هێرشێک بۆ سەر نێردە دیپلۆماسی و کونسوڵخانەکان رەتدەکاتەوە، راشیگەیاند، سوورین لەسەر پاراستنیان، بۆ ئەوەی دڵنیابن لە بەردەوامیی کارکردن و جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە کەشێکی ئارامدا، بەگوێرەی پابەندییە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان.
جەختیشی کردەوە، دەسەڵاتدارانی عێراق سوورن لەسەر بەدواداچوون بۆ هەر هێرشێک کە ئەم نێردانە بکاتە ئامانج و رێکاری یاساییش بەرامبەر هەر کەسێک دەگیرێتە بەر کە پەیوەندییان بەو هێرشانە هەبێت، ئاماژەی بەوەشدا، پابەندین بە پاراستن و ئاسایشی نێردە دیپلۆماسی و کونسوڵخانەکان و رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە و پاراستنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتان دەکەین.