کەرتی تەندروستیی عێراق لە ریزبەندی کۆتایی وڵاتانی عەرەبیدایە
بەپێی نوێترین پۆلێنکاریی جیهانی، کەرتی تەندروستیی عێراق لە ریزبەندی وڵاتانی عەرەبی لە پلەی 12یەم دێت.
لە راپۆرتێکی نوێی ماڵپەڕی " Numbeo" تایبەت بە پێوەری چاودێریی تەندروستی کە ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە وڵاتانی جیهان دەپێوێت، وڵاتی قەتەری وەک باشترین وڵاتی عەرەبی دەستنیشان کردووە و پلەی یەکەمی گرتووە، لەدوای ئەویش وڵاتی ئیمارات لە پلەی دووەم و ئوردن لە پلەی سێیەمدا دێن.
هەر بەپێی ریزبەندییەکە، لوبنان و عومان پلەکانی چوارەم و پێنجەمیان گرتووە، لە کاتێکدا هەریەک لە سعوودیە، کوەیت، تونس، جەزائیر، میسر و مەغریب لە پلەکانی شەشەم تا یانزەیەمدان.
هاتنی عێراق لە پلەی دوازدەیەمی ئەم ریزبەندییەدا، ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەو گرفت و ئاستەنگانەی کە تا ئێستا بەرۆکی کەرتی تەندروستیی وڵاتەکەیان گرتووە، بەتایبەت کاتێک بەراورد دەکرێت بە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە.
ماڵپەڕی نومبیۆ بۆ هەڵسەنگاندنی کەرتی تەندروستی پشت بە چەند پێوەرێکی زانستی و مەیدانی دەبەستێت، کە گرنگترینیان بریتین لە، کوالێتیی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، لێهاتوویی و کارامەیی کارمەندان و پزیشکان، خێرایی پێشکەشکردنی چارەسەر بە نەخۆش، لەگەڵ ئاستی پێشکەوتنی ژێرخانی تەندروستی و نەخۆشخانەکان.