فیدان بۆ عێراقچی: پێشێلکردنی ئاسمانی تورکیا قبوڵکراو نییە
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، هۆشداریی دا کە وڵاتەکەی پێشێلکردنی کایەی ئاسمانیی تورکیا بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکات.
ئاژانسی فەرمیی هەواڵی تورکیا لە زاری سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوە بڵاویکردەوە، هاکان فیدان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی جەختی لەوە کردووەتەوە، تورکیا بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری هەموو رێوشوێنە پێویستەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە پێشێلکارییەک کە بکرێتە سەر ئاسمانی وڵاتەکەی.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە هەموو لایەنەکان لەو هەنگاوانە دوور بکەونەوە کە دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە و مەترسی بۆ سەر گیانی مەدەنییەکان دروست دەکەن.
لە بەرانبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو مووشەکانەی ئاراستەی ئاسمانی تورکیا کراون سەرچاوەکەیان ئێران نییە. عێراقچی ئاماژەی بەوەش کردووە کە تاران لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە و ورد لەو بارەیەوە ئەنجام دەدات.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، چەند پاشماوەیەکی مووشەکی لە ناو خاکی تورکیا کەوتوونەتە خوارەوە و تورکیاش بە فەرمی سیستەمی بەرگریی پاتریۆتی لە شاری مەلاتیا جێگیر کردووە.