لاریجانی وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپ دەداتەوە
لێدوان و هەڕەشە توندەکانی نێوان واشنتن و تاران پێ دەنێتە قۆناغێکی مەترسیدارترەوە. لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی وەشاندنی گورزی وێرانکەر و 20 هێندە بەهێزتر لە تاران دەکات ئەگەر جووڵەی بازرگانی و نەوت لە گەرووی هورمز ڕابگرێت، عەلی لاریجانی بە توندی وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت گەرووی هورمز یان بۆ هەمووانە، یان دەبێتە گۆڕستان بۆ شەڕانگێزان. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی هێرشە چڕەکانی سوپای ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوەکانی ئێران.
سێشەممە 10ـی ئاداری 2026، عەلی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران، لە رێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) وەڵامێکی توندی ترەمپی دایەوە و پەیامەکەی بە "هەڕەشەی بێ بنەما" وەسف کرد. لاریجانی نووسیویەتی: "نەتەوەی عاشورایی ئێران، لە هەڕەشە بێ بنەماکانی ئێوە ناترسن. لە ئێوە گەورەترەکانیش نەیانتوانی نەتەوەی ئێران بسڕنەوە. ئاگاداری خۆت بە نەسڕێیتەوە!"
سەبارەت بە پرسی هەناردەی نەوت و جووڵەی دەریاییش، لاریجانی گوتی: "گەرووی هورمز، یان دەبێتە ڕێڕەوی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان، یان دەبێتە ڕێگەی شکستی و مەینەتی بۆ جەنگخوازان." کە ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەگەری داخستنی گەرووەکە لەلایەن ئێرانەوە لە کاتی زیاتربوونی فشارەکان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تایبەت بە خۆی (Truth Social) بڵاوی کردبووە و رایگەیاند: ئەگەر ئێران هەر کارێک بکات بۆ راگرتنی رۆیشتنی نەوت لە گەرووی هورمزدا، ئەوا لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە 20 هێندەی ئەوەی تا ئێستا لێی دراوە، گورزی قورستری لێ دەدرێت." ترەمپ جەختی لەوەش کردبووە کە ئەمریکا ئەو ئامانجانە خاپوور دەکات کە بە ئاسانی لەناو دەچن و وای لێدەکات مەحاڵ بێت جارێکی تر ئێران وەک نەتەوەیەک دروست ببێتەوە.