پوتن و پزیشکیان تاوتوێی پەرەسەندنەکانی جەنگ دەکەن

سەرۆکی رووسیا، لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو جەنگەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، بۆ دووەم جار لە ماوەی یەک هەفتەدا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی ئەنجام دا و جەختی لە پێویستیی بە پەلە هێورکردنەوەی دۆخەکە کردەوە.

سێشەممە، 10ـی ئاداری 2026، کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین)، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی وڵاتەکە، لە ماوەی یەک هەفتەدا بۆ دووەم جار پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئەنجام دا، ئەمەش لە سایەی ئەو پەرەسەندنە سەربازییە بەردەوامانەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە.

لە راگەیەندراوێکی کۆشکی کرێملیندا هاتووە، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا پوتن جەختی لە "هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی بۆ هێورکردنەوەی خێرای ململانێکان" کردووەتەوە، کە مەبەست لێی ئەو جەنگەیە کە لە نێوان ئێران و هاوپەیمانیی ئەمریکی-ئیسرائیلیدا هەڵگیرساوە، هەروەها پوتن داوای کردووە هەرچی زووە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمبکرێنەوە.

لای خۆیەوە، مەسعود پزیشکیان سوپاسی سەرۆکی رووسیای کرد بۆ ئەو پاڵپشتییانەی وڵاتەکەی پێشکەشی ئێرانی کردووە، بە تایبەتی لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە تاران لەم هەلومەرجە سەختەی ئێستادا.

ئەنجامدانی ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدایە؛ کە لە 28ـی شوباتی رابردووەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانیان بۆ سەر ئێران دەست پێکردووە، کە بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای پێشووی کۆماری ئیسلامی، هاوکات ئاڵوگۆڕی گورزە مووشەکییەکان و هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە سەرجەم بەرەکانی جەنگەکەدا بەردەوامە.