ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی دەرکرد
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، زنجیرەیەک بڕیاری لە بوارەکانی ئەمنی، ئابووری، ژێرخان و پەیوەندییەکان پەسەند کرد، کە دیارترینیان پێدانی دەسەڵاتە بە وەزارەتی ناوخۆ بۆ کڕینی سیستەمی بەرپەرچدانەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، و واژۆکردنی رێککەوتنێکی گەورەی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی.
سێشەممە، 10ـی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد کە چەندین سێکتەری هەستیار و ستراتیژیی وڵات دەگرێتەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی بەرگری، وزە، ئاوەدانکردنەوە و پەیوەندییەکاندا.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی خوارەوەی پەسەند کردووە:
دۆسیەی ئەمنی و بەرگری: بڕیار درا بە سەرپشککردن و پێدانی دەسەڵات بە وەزارەتی ناوخۆ، بۆ ئەنجامدانی گرێبەست بە مەبەستی کڕینی سیستەمی بەرپەرچدانەوە و کۆنتڕۆڵکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان (سیستەمی دژەدرۆن)، ئەمەش لە پێناو بەهێزکردنی ئاسایشی ناوخۆیی و پاراستنی ئاسمانی وڵات.
کەرتی وزە و نەوت: ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی نیشان دا لەسەر پەسەندکردنی رێککەوتنی چوارچێوەیی لەگەڵ کۆمپانیای "شیڤرۆن" (Chevron)ی ئەمریکی، کە ئامانج لێی بەڕێوەبردن و کارپێکردنی کێڵگەی نەوتیی قڕنەی رۆژئاوای قوڕنە 2ـە، کە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی عێراق.
کەرتی پەیوەندییەکان و ئینتەرنێت: بە مەبەستی رێکخستنەوەی داهاتەکان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا کە هەریەک لە وەزارەتی پەیوەندییەکان و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان، ئەرکی کۆکردنەوە و پاکتاوکردنی (یەکلاییکردنەوەی) پارە و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن و ئینتەرنێت بە شێوەی مانگانە بگرنە ئەستۆ.