مەسرور بارزانی و سەرۆکی ئیمارات دۆخی گشتیی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئیمارات، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و، هەردوولا سەرکۆنەی هێرشی شەوی رابردووی سەر کونسوڵخانەی گشتیی ئیماراتیان لە هەولێر کرد و جەختیشیان لەوە کردەوە، کە ئەم جۆرە هێرشانە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات، بە تەلەفۆن گفتوگۆیان کرد.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوولا باسیان لە پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد، بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ئیمارات و، هەروەها گرنگی زیاتر پتەوکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و هەماهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیماراتیان دووپات کردەوە.
هەردوولا سەرکۆنەی هێرشی شەوی رابردووی سەر کونسوڵخانەی گشتی ئیماراتیان لە هەولێر کرد و جەختیشیان لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە هێرشانە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە.
مەسرور بارزانی جەختی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان بەردەوام دەبێت.
سەرۆکی ئیماراتیش پێزانینی خۆی بۆ هەماهەنگیی باشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و، هەردوولا جەختیان لە گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵەکانی هێورکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردەوە.
تباحثتُ مع أخي صاحب السمو الشيخ محمد بن زايد بشأن التطورات في المنطقة، وأكدنا على أهمية توطيد علاقاتنا الثنائية.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) March 10, 2026
كما أدنّا الهجوم الذي استهدف الليلة الماضية القنصلية لدولة الإمارات في أربيل، وشددنا على ضرورة إيقاف هذه الهجمات التي لن تثنينا عن مواصلة حماية البعثات الدبلوماسية.
دووشەممە 9ـی ئاداری 2026، دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاندبوو، کاتژمێر 10:24ـی شو، هێزەکانی هاوپەیمانان سێ درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند و خستە خوارەوە.
دژەتیرۆری کوردستان ئاماژەی بەوە کردبوو، پارچە و پاشماوەی یەکێک لە درۆنە تێکشکاوەکان لە نزیک کونسوڵخانەی ئیمارات کەوتە خوارەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.