56 ساڵ لەمەوبەر، بهغدا ناچاركرا دان به مافهكانی كورد بنێت
56 ساڵ بەسەر رێككەوتننامەكەی 11ی ئاداری 1970 تێدەپەڕێت، لهو رۆژهدا شۆڕشی ئەیلوول بە رابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی، دهسهڵاتدارانی بهغدای ناچار بە واژۆی رێككهوتن و داننان به مافهكانی كورد کرد.
ههرچهنده رێككهوتنهكه به تهواوهتی جێبهجێ نهكرا، بهڵام جێبهجێكردنی بهشێك له رێككهوتنهكه دهستكهوتێكی گهوره بووه، به تایبهتی خوێندن به زمانی كوردی.
رێككەوتنەكە لە ئەنجامی دوو ساڵ دانوستانی چڕ و پڕی نێوان سەركردایەتی سیاسی كورد و حكوومەتی ئەوکاتەی عێراق، دواجار لە کۆبوونەوەیەکدا لە شارۆچکەی چۆمانی سنووری پارێزگای هەولێر، بە رێككەوتنامەیەكی 15 خاڵی راگەیەندرا.
دواتر لە 11ـی ئاداری 1970، رێککەوتننامە 15 خاڵییەکە لەلایهن ئهحمهد حهسهن بهكر، سهرۆككۆماری ئهوكاتی عێراقەوە بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و ئیدریس بارزانی و شاندی دانوستانکاری هەردوولا، له بهغدا خوێندرایهوه و بە دەستکەوتێک بۆ هەموو عێراق راگەیاندرا.
دانوستانی نێوان شۆڕش و حزبی بەعس گەیشتنە قۆناغێکی نوێی داڕشتنی ماددەکانی رێککەوتنەکە تا درەنگانێکی شەو درێژەی کێشا، کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی 10 لەسەر 11ی ئاداری 1970، مەلا مستەفای بارزانی و سەدام حسێن واژۆیان لەسەر رێککەوتنەکە کرد.
ناوەرۆکی رێککەوتننامەی 11ی ئادار
به گوێرهی رێككهوتننامهكه، زمانەکانی عەرەبی و کوردی زمانی فەرمی عێراق دەبن، ئەو ناوچانەی دانیشتوانیان کوردن بە زمانی دایک دەخوێنن، هاوکات زمانی عەرەبیش له پاڵ زمانی كوردیدا دەخوێندرێت، قوتابییە دەرکراوەکان بەبێ گوێدانە تەمەنیان دەگەڕێنەوە بەر خوێندن.
له رێككهوتنهكهدا هاتووه: بڕیارەکانی حکوومەت لە بارەی زمانەوە جێبەجێدەکرێن و بۆ پێشخستنی ئاستی رۆشنبیری دانیشتوان بەرنامەی تایبەت لە رادیۆ و تەلەفزیۆن بۆ کورد دادەنرێن، کورد بەشداری لە حکوومەتدا دەکات و پشکی دەبێت لە وەزارەتەکان و سوپادا، فەرمانبەرانی ناوچە کوردستانییەکان دەبێت زۆرینەیان کورد بن و بۆ پۆستەکانی پارێزگار، قائیمقام و بەڕێوەبەری پۆلیس، کەسانی کورد دادەمەزرێندرێن.
بڕیاردرابوو كرێكار و فەرمانبەرە مەدەنی و سەربازییەكان بگەڕێندرێنەوە بۆ خزمەت، هەروا ناوچه فهرامۆشكراوهكان قەرەبوو بکرێتەوە، ئەمەش بە دابینکردنی بودجەیەک بۆ بووژاندنەوە و پلانی گەشەپێدانی ئابووری، هاوکات بە گوێرەی یاسا مووچە بۆ خێزانی شەهیدەکان دابین دەکرێت.
بەگوێرەی رێككهوتننامهی 11ی ئادار، بەخێرایی کاردەکرێت بۆ تەواوکردنی پرۆژەکان و دابینکردنی هەلی کار بۆ ئەو کەسانەی بێکارن، دانیشتوانی گوندە عەرەبی و کوردییەکان دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان و قەرەبووی زیانلێکەوتووان دەکرێتەوە، یاسای چاکسازیی کشتوکاڵی جێبەجێدەکرێت و پاکتاوکردنی دەرەبەگایەتی تەواودەکرێت، جووتیاران لە باجی رابردوو دەبەخشرێن.
لەبارەی دەستووری عێراقیشەوە، شۆڕشی ئەیلوول لەگەڵ بەعسدا لەسەر ئەوە رێککەوتن، کە گەلی عێراق لە نەتەوەکانی عەرەب و کورد پێکدێن، دان بە مافەکانی گەلی کوردا لە چوارچیوەی عێراقدا دەنرێت، یەکێک لە جێگرەکانی سەرۆك کۆمار بە کورد دەدرێت ، یاسای پارێزگاکان هەموار دەکرێتەوە، کاری پێویست ئەنجامدەدرێت بۆ یەکخستنی ئەو پارێزگا و ناوچانەی زۆرینەیان کوردن، ئەوەش لەپێناو پەیڕەوکردنی ئۆتۆنۆمیدا، کورد بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوان لە دەسەڵاتی یاسادانان بەشدار دەبێت.
ئەگەرچی دواجار ئەو رێككەوتننامەیە لە لایەن حكوومەتی عێراقییەوە جێبەجێ نەكرا، بەڵام لانیكەم وەك دەستكەوت چووە لاپەڕەكانی مێژووەوە. بووە بنەمایەکی تۆکمە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان.
سوودەکانی رێكکەوتنی 11ی ئادار
• یەکەمجار بوو دەسەڵاتدارانی عێراق دان بە مافی کورد بنێن.
• زمانی کوردی بووە دووەم زمانی فەرمی وڵات.
• لە رووی سیاسییەوە ئۆتۆنۆمی جێگیرکرا.
• بەشێك لە داهاتی نەوت بۆ کورد دیاریکرا.
• لێخۆشبوون بۆ ئەو کەسانە دەرکرا، کە بەشداریان له شۆڕش كردبوو.
بەڵام بە خوێندنەوەی دۆخی کوردستان و حکوومەتی ئەوکاتەی عێراق جێبەجێکردنی بەشێك لە داواکارییەکانی شۆڕش و بووژاندنەوەی ئابووری دەستکەوتی مێژوویی بوون، هەرچەندە ماوەی جێبەجێکردنی ناوەرۆکی رێککەوتنەکە چوار ساڵ دیاری کراوبوو، بەڵام رژێمی ئەوسای عێراق بەڵێنەکانی نەبردە سەر، دواتر کەوتەوە دژایەتی کورد و بە رێكکەوتن لەگەڵ شای ئێران و پێدانی بەشێك لە خاکی وڵاتەکەی فشارەکانی بۆ سەر کورد و شۆڕشی ئەیلوول زیاتر کرد و چەندین شێوازی ستەم و جینۆسایدی بەرامبەر بە کورد و کوردستان پەیڕەوکرد.