فراکسیۆنە کوردستانییەکان: هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان بێ پاساون
فراکسیۆنە کوردستانییەکانی نێو پەرلەمانی عێراق، نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرانبەر بەو هێرشە ناڕەوا و بەردەوامانە دەربڕی کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان. فراکسیۆنەکان وێڕای رەخنەگرتن لە بێهەڵوێستیی حکوومەتی فیدراڵی، داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بە پەلە دەکەن بۆ ئاشکراکردن و سزادانی ئەو گرووپە چەکدارانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کاردەکەن و ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدەن.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی ئاداری 2026، فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی رای گشتی و ناوەندەکانی بڕیار لە عێراق کراوە، ئاماژە بەوە دەدەن، کە هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەرێکی سەقامگیری بووە و هەوڵیداوە خۆی لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بەدوور بگرێت. لە راگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە: "هەرێمی کوردستان هەمیشە لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە کاری بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری کردووە، بە تایبەتی لە ناوخۆی عێراقدا."
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، تیشک خراوەتە سەر سروشت و دەرئەنجامی ئەو هێرشانەی کە لەم دواییانەدا ئاستێکی مەترسیداریان تۆمار کردووە. فراکسیۆنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەرێمی کوردستان و گەلەکەی بوونەتە ئامانجی پەلاماری ژمارەیەک گرووپی لەیاسادەرچوو کە بە شێوەیەکی سیستماتیک ژێرخانی ئابووری، موڵک و ماڵی هاووڵاتییانی سڤیل و شوێنە گشتییەکان دەکەنە ئامانج. لە ئەنجامی ئەم کارە تێکدەرانەیەشدا، جگە لە زیانێکی ماددیی گەورە بە ژێرخانی هەرێم، چەندین هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون.
خاڵی هەرە جێگەی سەرنج و پرس لە راگەیەندراوەکەدا، ئاماژەکردنە بە شوێنی سەرچاوەی هەڵدانی هێرشەکان. بە گوێرەی بەدواداچوونەکان، زۆربەی ئەم پەلامارانە لەو ناوچانەوە جێبەجێ دەکرێن کە هێزە سەربازی و ئەمنییە فیدراڵییەکانی لێ جێگیر کراون. ئەم راستییە "گومان و نیگەرانیی قووڵ" لای لایەنی کوردی دروست کردووە سەبارەت بە هەژموونی گرووپە چەکدارییە یاخییەکان کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتن و لەپشت ئەم کارە تێکدەرانەوەن.
هەروەها، نوێنەرانی کورد رەخنەی توند لە بێهەڵوێستیی دەزگاکانی دەوڵەتی عێراق دەگرن. ئەوان پێیان وایە کە هەڵوێست و راگەیەندراوی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بەم رووداوانە لاواز بووە و بە شێوەیەکی روون سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی نەکردووە. لەبەرامبەریشدا، حکوومەتی فیدراڵی تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداریی بۆ وەستاندنی هێرشەکان و لێپرسینەوە لەو لایەنانە نەگرتووەتەبەر.
فراکسیۆنە کوردستانییەکان، داواکارن بە پەلە لیژنەیەکی تایبەت بەدواداچوون و دۆزینەوەی راستییەکان پێکبهێنرێت، تاوەکوو سەرچاوەی هێرشەکان دەستنیشان بکرێن و تاوانباران رووبەڕووی سزای یاسایی ببنەوە.
هاوکات پەرلەمانتارانی کورد پەیامێکی ستراتیژی ئاراستەی بەغدا دەکەن و بیرخەرەوەی ئەوەن کە "ئاسایش و سەقامگیریی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان، بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایش و سەقامگیریی تەواوی عێراق."
هۆشداریش دەدەن، کە بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە بەبێ رێگرییەکی راستەقینە، پرسیارێکی جیددی لەسەر توانای دەوڵەت بۆ سەپاندنی سەروەریی یاسا و پاراستنی هاووڵاتییانی دروست دەکات.