ئومێد خۆشناو وردەکاریی هێرشە درۆنییەکانی سەر پارێزگای هەولێر ئاشکرا دەکات

پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد، ئەمشەو 17 جار هێرش کراونەتە سەر پارێزگای هەولێر، خۆشبەختانە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بە سەرکەوتوویی توانیویەتی سەرجەم درۆنەکان پێش گەیشتنیان بە ئامانجەکانیان تێکبشکێنێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند: ئەمشەو 17 هێرش کراونەتە سەر پارێزگاکە و سەرجەم پەلامارەکانیش لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە جێبەجێ کراون.

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە، توانراوە سەرجەم ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە (درۆن) لە ئاسماندا بپێکرێن و بە تەواوی تێکبشکێنرێن پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکانیان.

لە درێژەی لێدوانەکەیدا، ئومێد خۆشناو خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە رووداوەکان هیچ جۆرە زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە و سەلامەتیی هاووڵاتییان بە تەواوی پارێزراو بووە. هەرچەندە پشتڕاستی کردەوە کە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی درۆنەکان یان تەقینەوەکانیانەوە، زیانی ماددی بەر چەند شوێنێک گەیشتووە.

ئەم پێشهاتە ئەمنییە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی شاری هەولێر، ماوەیەکە رووبەڕووی چەندین جۆری هێرشی ئاسمانی بووەتەوە، کە هەمیشە لە لایەن گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکانەوە ئەنجام دەدرێن، بەڵام تێکشکاندنی ئەم ژمارە زۆرەی درۆنەکان لە یەک شەودا، نیشاندەری بەرزبوونەوەی توانای بەرگریی ئاسمانییە لە ناوچەکەدا.