سوپای پاسداران هۆشداریی لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 200 دۆلار دەدات

سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریی ئاراستەی ئەمریکا دەکات و رایدەگەیەنێت؛ بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەکەوە، ئەگەری هەیە نرخی نەوت بۆ سەرووی 200 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرز ببێتەوە. 

ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای سەربازی "خاتەمو ئەلئەنبیا" لە پەیامێکی راستەوخۆدا بۆ واشنتن گوتی: “ئامادەکاری بکەن بۆ ئەوەی نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە 200 دۆلار، چونکە ئاسایشی وزە پەیوەستە بە ئاسایشی ناوچەکەوە کە ئێوە ناسەقامگیریتان کردووە.”

لەلایەکی دیکەوە، تاران هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی ئەو بانکانە دەکات مامەڵە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن و داوای لە هاووڵاتیان کردووە لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە دووری هەزار مەتر لەو بانکانە بمێننەوە.

دەزگاکانی چاودێری ئاسایشی دەریایی بڵاویانکردەوە، لە نوێترین پەرەسەندندا سێ کەشتی بازرگانی (کەشتییەکی تایلەندی، کەشتییەکی کۆنتێنەری ژاپۆنی و کەشتییەکی ئاڵای دوورگەکانی مارشال) بە موشەک کرانە ئامانج. بەمەش ژمارەی ئەو کەشتییانەی لە سەرەتای دەسپێکی شەڕەکەوە زیانیان بەرکەوتووە گەیشتە 14 کەشتی. بەهۆی تەقینەوەیەک لەناو کەشتییە تایلەندییەکەدا، تیمەکەی ناچاربوون کەشتییەکە چۆڵ بکەن.

 نرخی نەوت بۆ ماوەیەکی کورت گەیشتە 120 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. وەبەرهێنەران چاویان لەوەیە ئایا دۆناڵد ترەمپ دەتوانێت رێگری لە داڕمانی ئابووریی جیهانی بگرێت یان نا. لەو چوارچێوەیەدا، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە (IEA) پێشنیاری ئازادکردنی 400 ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی جیهانی کردووە، هەرچەندە شارەزایان پێیان وایە ئەم بڕە تەنانەت بەشی سێ هەفتەی هاتوچۆی نەوتی ناو گەرووی هورمز ناکات.

ئێران بە ڕاشکاوی رایگەیاندووە؛ تا هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل نەوەستێت، رێگە بە تێپەڕبوونی نەوت بە گەرووی هورمزدا نادات و ئامادەی دانوستانیش نییە. لە بەرامبەردا، ترەمپ هەڕەشەی وەڵامدانەوەی "20 هێندە توندتر" دەکات ئەگەر گەرووەکە دابخرێت.

وڵاتانی گرووپی حەوت (G7) لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ دابینکردنی پاسەوانی (ئەسکۆرت) بۆ کەشتییەکان. ئەمەش لە کاتێکدایە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئێران نزیکەی 12 هەزار مینی دەریایی لە گەرووەکەدا چاندووە، ئەمەش ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئاڵۆزتر کردووە.

گرژییەکان گەیشتوونەتە ئاستێک سوپای ئەمریکا داوای لە ئێرانییەکان کردووە لە بەندەرە سەربازییەکان دوور بکەونەوە، لە بەرامبەردا سوپای ئێران هۆشداریی داوە ئەگەر بەندەرەکانیان بکرێتە ئامانج، ئەوا هەموو ناوەندە ئابووریی و بازرگانییەکانی ناوچەکە دەبنە ئامانجێکی شەرعی بۆ هێرشەکانیان.