ئێران مەرجەکانی تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی عێراق بە گەرووی هورمزدا ئاشکرا دەکات
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی ڕێگە بە تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی عێراق دەدات بە گەرووی هورمزدا، بەڵام بۆ ئەم مەبەستە چەند مەرجێکیان هەیە کە پەیوەستن بە ناسنامەی کەشتییەکان و نەبوونی هیچ پەیوەندییەکیان بە ئەمریکا و ئیسرائیلەوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 13ـی ئاداری 2026، محەممەد کازم سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، لە راگەیەنراوێکدا تیشکی خستە سەر رێوشوێنەکانی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز و هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر بە کەشتییە بازرگانییەکانی عێراق روون کردەوە.
باڵیۆزی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە تاران رێگری لە تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی عێراق ناکات، بەڵام ئەمە بەو مەرجەی کە "ناسنامەی تەواوەتیی کەشتییەکە، خاڵی دەستپێک و وێستگەی کۆتاییی گەشتەکەی بە روونی دیاری بکرێت."
سادق مەرجێکی دیکەشی خستە روو و گوتی: "پێویستە ئەو کەشتییانە و کۆمپانیا خاوەنەکانیان هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان بە ئەمریکا یان ئیسرائیلەوە نەبێت".
باڵیۆزە ئێرانییەکە ئاماژەی بە بوونی لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنی عێراقی کرد و رایگەیاند: "لەسەر ئاستی باڵا هەماهەنگیی تەواومان لەگەڵ حکوومەتی عێراق هەیە"، هاوکات ئەو دەنگۆیانەشی رەت کردەوە کە باس لە داخرانی ڕێڕەوە دەریاییەکە دەکەن و جەختی کردەوە: "ئێمە گەرووی هورمزمان دانەخستووە".