نەتەوە یەکگرتووەکان: دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو لێواری داڕمان دەچێت
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشدارییەکی توند سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات و رایدەگەیەنێت، کە ناوچەکە بەرەو لێواری داڕمان دەچێت. هاوکات داوای وەستاندنی دەستبەجێی شەڕ و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ دەکات.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی 13ـی ئاداری 2026، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: "کەمکردنەوەی ئاستی ئاڵۆزییەکان و پەنابردن بۆ گفتوگۆ، تەنیا رێگەی بەردەممانە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی ئێستا"
ناوبراو هۆشداریی توندی دا لەوەی کە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خێرایی بەرەو لێواری داڕمان و وێرانبوون دەچێت.
لە راگەیەنراوەکەدا، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوا لە سەرجەم لایەنە ناکۆکەکان دەکات کە دەستبەجێ کۆتایی بە کردەوە سەربازی و دوژمنکارییەکان بهێنن.
هەروەها جەختی لە پێویستیی پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی کردەوە، و هاندەری لایەنەکان بوو بۆ ئەوەی بە زووترین کات بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستانەکان.