مووشەکێکی بالیستی ئاراستەی بنکەی سەربازیی ئینجەرلیک کرا

میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە مووشەکێکی بالیستیی تێکشکاندووە کە ئاراستەی بنکەی سەربازیی ئینجەرلیک کرابوو.

بە پێی زانیارییەکانی میدیای تورکیا، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 13ـی ئاداری 2026، هێرشێکی مووشەکی کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی ئینجەرلیک، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی، لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە بە سەرکەوتوویی تێکشکێندراوە و مەترسییەکە دوور خراوەتەوە.

بنکەی سەربازیی ئینجەرلیک، کە دەکەوێتە پارێزگای ئەدەنە لە باشووری تورکیا، وەک یەکێک لە گرنگترین و ستراتیژیترین پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی ناتۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەناسرێت.

ئەم بنکەیە تەنیا نزیکەی 150 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی سووریاوە دوورە. بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییە ناوازەکەیەوە، خاڵێکی سەرەکییە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەریەک لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و ناوچەی قەوقاز.

لە رووی خاوەندارێتییەوە، بنکەکە سەر بە وەزارەتی بەرگریی تورکیا و هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتەیە. بەڵام لە چوارچێوەی رێککەوتننامە سەربازییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتن، باڵی 39ـی گەڕانی ئاسمانیی سەر بە سوپای ئەمریکا تێیدا جێگیر کراوە. هاوکات لە کاتی پێویست و بۆ ئەرکە دیاریکراوەکان، هێزەکانی دیکەی هاوپەیمانیی ناتۆش سوودی لۆجستی و سەربازیی لێ دەبینن.