تورکیا: مووشەکێکی بالیستیی ئێران لە ئاسمانی وڵاتەکەمان تێکشکێندرا
وەزارەتی بەرگری نەتەوەیی تورکیا رایدەگەیەنێت، هێزەکانی بەرگری ئاسمانیی ناتۆ درۆنێکی بالیستییان تێکشکاندووە کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستە کرابوو و چووەتە ناو ئاسمانی تورکیاوە.
ئەمڕۆ هەینی، 13ی ئاداری 2026، وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد؛ درۆنێکی بالیستی کە لە ئێرانەوە هەڵدراوە و سنووری ئاسمانی تورکیای بەزاندووە، لە لایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانی و مووشەکی ناتۆ لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست تێکشکێندراوە.
وەزارەتی بەرگری تورکیا جەختی لەوە کردووەتەوە، وڵاتەکەی بەبێ دوودڵی هەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرێتەبەر بەرانبەر هەر هەڕەشەیەک کە بکرێتە سەر خاک و ئاسمانی وڵاتەکەی. ئاماژە بەوەش دراوە ئەنقەرە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێران لە گفتوگۆدایە بۆ روونکردنەوەی هۆکار و وردەکارییەکانی ئەو رووداوە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی بەرگری تورکیا دووپاتی کردەوە کە بەوردی چاودێری پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکە دەکەن و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەیان لە پێشینەیە.
ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کاتێکدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە مووشەکێکی بالیستیی تێکشکاندووە کە ئاراستەی بنکەی سەربازیی ئینجەرلیک کرابوو.
بنکەی ئینجەرلیک کە نزیکەی 150 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی سووریاوە دوورە. بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییە ناوازەکەیەوە، خاڵێکی سەرەکییە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەریەک لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و ناوچەی قەوقاز.