ئێف بی ئای: ھۆشداری دەدات لە ئەگەری لابردنی ترەمپ پێش 20ی مانگ لایەنگرانی لە ھەر 50 ویلایەتەکەی ئەمەریکا خۆپیشاندان بكەن

سەرۆکی شارەوانی واشنتن: پێشبینی دەکەن لە مەراسیمی سوێندخواردنی جۆبایدن لە 20ی مانگ لایەنگرانی ترەمپ جارێکی دیکە ھەڵبکوتنەوە سەر کاپیتاڵ ھیڵ
ھێزەكانی ئەمەریكا لە دەوروبەری بینایەی كاپیتاڵ ھیڵ
ھێزەكانی ئەمەریكا لە دەوروبەری بینایەی كاپیتاڵ ھیڵ

K24 – ھەولێر:

ئێف بی ئای رایگەیاند، ئەگەر ترەمپ پێش 20ی مانگ لەسەر کارلابدرێت، پێشبینی خۆپیشاندانی توند دەکەن لەلایەن لایەنگرانی ترەمپەوە لە ھەر 50 ویلایەتەکەی ئەمەریکا.

دوای کۆبوونەوەی کۆنگرێس و دەستپێکردنی رێکارەکانی لادانی ترەمپ لە پۆستەکەی و پێداگری دیموکراتەکان، نووسینگەی ھەواڵگری فیدراڵی ئەمەریکا ھۆشداری دا و رایگەیاند: بەگوێرەی زانیارییەکانیان لایەنگرانی ترەمپ ئامادەکاری دەکەن بۆ خۆپیشاندان لە ھەر 50 ویلایەتەکەی ئەمەریکا.

ئێف بی ئای گوتی: لایەنگرانی ترەمپ بەنیازن بە چەکەوە بەشداری خۆپیشاندانەکان بکەن و ھێرش بکەنە سەر دامەزراوەکانی حکومەت لە واشنتن.

سەرەڕای ھۆشدارییەکانی ئێف بی ئای، دیموکراتەکان ھێشتا سوورن لەسەر لەکارلادانی ترەمپ پێش 20ی مانگ و نانسی پیلۆسی و جۆ بایدن گوتیان، نابێت ترەمپ لە کۆشکی سپی بمێنێت.

لە لایەكی دیكەوە، سەرۆکی شارەوانی واشنتن دی سی رایگەیاند: پێشبینی دەکەن لە مەراسیمی سوێندخواردنی جۆبایدن لە 20ی مانگ لایەنگرانی ترەمپ جارێکی دیکە ھەڵبکوتنەوە سەر کاپیتاڵ ھیڵ و وەک ئامادەکاریش رێکاری ئەمنی پێویستیان گرتووەتەبەر.

ماوریل باوسەر، سەرۆکی شارەوانی واشنتن دی سی گوتی: وەزیری ئاسایشی ناوخۆ بە وەکالەتیان ئاگادارکردووەتەوە و داوایان لێکردووە ئامادەکاری پێویست بکرێت.

ئامادەکارییەکانیش لە رۆژی دووشەممەوە تا 24ی ئەم مانگە بەردەوام دەبن.

ئەم ئامادەکارییانە دوای ئەوە دێن، کە ئێف بی ئای ھۆشداری خۆپیشاندان دەدات لە ھەر 50 ویلایەتەکەی ئەمریکا ئەگەر بێت و ترەمپ پێش وادەی خۆی لەسەر کارلابدرێت.