کەرکووک: سەربازگەی کەی وەن بە دوو درۆن کرایە ئامانج
پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک، رایگەیاند، کاتژمێر 8:35ـی شەوی 13ـی ئادار، سەربازگەی کەی وەن لە پارێزگای کەرکووک لە رێگەی دوو درۆنەوە کرایە ئامانج.
هەینی 13ـی ئاداری 2026، سۆران کامەران پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک، رایگەیاند، لە رێگەی دوو درۆنەوە سەربازگەی کەی وەن لە سنووری پارێزگای کەرکووک کرایە ئامانج، ئاماژەی بەوەشکرد، سەربازگەکە شوێنی جێگیربوونی سوپای عێراق و بارەگای فەوجێکی دەزگای دژەتیرۆرە، هەروەها بارەگایەکی کاتیی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە هەمان شوێن هەیە کە هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا و فەرەنسا هاتوچۆی دەکەن.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتووەتەوە و لە کاتی هێرشەکەدا هیچ سەربازێکی بیانی لە ناو سەربازگەکەدا نەبووە.
سەبارەت بە شوێنی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکان، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، یەکێکیان لە ناوچەیەکی چۆڵی ناو سەربازگەکە کەوتووەتە خوارەوە و درۆنی دووەمیش لە زەوییەکی کشتوکاڵیی نزیک سەربازگەکە لە لای گوندی کومبەتڵەر کەوتووەتە خوارەوە.