ئەردۆغان: ئامانجی سەرەکیمان دوورخستنەوەی وڵاتەکەمانە لە ئاگری جەنگ

سەرۆککۆماری تورکیا، دەڵێت: کە وڵاتەکەی ناچێتە ناو ئەو ململانێ و جەنگەی لە نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکادا هەڵگیرساوە، بەڵام ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک.

هەینی 13ـی ئاداری 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە دا، "ئێمە سەرجەم رێوشوێنە خۆپارێزییەکان دەگرینەبەر بۆ رێگریکردن لە هەر هەڕەشەیەک کە بکرێتە سەر کایەی ئاسمانیی وڵاتەکەمان، رێک بەو شێوەیەی شەوی رابردوو ئەنجاممان دا."

هاوکات سەرۆککۆماری تورکیا، جەختی لەوە کردەوە، تورکیا بە هیچ شێوەیەک پەلکێشی ناو ئەو جەنگە نابێت کە لە نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکادا هەڵگیرساوە.

ئەم لێدوانەی سەرۆککۆماری تورکیا دوای ئەوە دێت، کە سوپای وڵاتەکەی توانیی سێیەم مووشەکی بالیستی تێکبشکێنێت کە ئاراستەی خاکی تورکیا کرابوو.

بەرەبەیانیی هەینی، 13ـی ئاداری 2026، میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردبووەوە، کە هێرشێکی مووشەکی کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی ئینجەرلیک، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی، لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە بە سەرکەوتوویی تێکشکێندراوە و مەترسییەکە دوور خراوەتەوە.