فوئاد حوسێن: ململانێکانی ناوچەکە مەترسیین بۆ سەر ئابووری و وزەی عێراق
وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداریی توند دەدات لەوەی کە دەرهاویشتە مەترسیدارەکانی جەنگ بۆ سەر عێراق تەنیا لە هێرشە سەربازییەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو رەنگە ببێتە هۆی راوەستانی هەناردەکردنی نەوت، کە شادەماری ئابووریی وڵاتە.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پاولۆ رانجێل، وەزیری دەرەوەی پورتوگال، گفتوگۆی سەبارەت بە پێشهاتە مەترسیدارەکانی ناوچەکە و رێگەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاڵنانی دۆخەکە بەرەو هێوربوونەوە کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: فوئاد حوسێن، هۆشداریی دا لەوەی کە مەترسییەکانی هەڵگیرسانی جەنگ بۆ سەر عێراق تەنیا لە هێرشە سەربازییەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو ئاستی مەترسییەکان گەورەترن و پێدەچێت ببنە هۆی پەکخستنی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق، کە شادەماری ئابووریی وڵاتە.
لە بەرامبەردا، وەزیری دەرەوەی پورتوگال "هاوسۆزیی تەواوی حکوومەتی وڵاتەکەی لەگەڵ حکوومەت و گەلی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵەنگاری و هێرشانەی دەکرێنە سەر خاکەکەی" راگەیاند.
هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە، کە "ئەو جەنگەی ئێستا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت، هەڕەشەیەکی فرەڕەهەندە، بە تایبەتی دوای ئەوەی پەرەی سەندووە و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەی گرتووەتەوە."
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.