ئێران و حزبوڵڵا، بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل
سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، بە بەکارهێنانى چەندین جۆر مووشەکی بالیستی و درۆنی خۆکوژی، هێرشێکی بەرفراوان و سەرکەوتوویان بۆ سەر چەندین ئامانجی ستراتیژی لە ناوخۆی ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا ئەنجام داوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 14ـی ئاداری 2026، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، هێرشێکی بەرفراوانیان ئەنجام داوە، کە تێیدا ناوچەکانی جەلیل، جۆلان، شاری حەیفایان لە ئیسرائیل و هەروەها چەند بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکایان لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج.
لە راگەیەنراوەکەدا روونکراوەتەوە، کە ئۆپەراسیۆنەکە بە بەکارهێنانی مووشەکی "خەیبەر شکێن" و مووشەکی "قەدر"، شانبەشانی درۆنە خۆکوژییەکان ئەنجام دراوە. سوپای پاسداران جەختی لەوەش کردووەتەوە کە هێرشەکان "بە سەرکەوتووییەکی تەواوەوە ئامانجەکانیان پێکاوە".
لە چەند کاتژمێری رابردووەوە، ئیسرائیل رووبەڕووی هێرشێکی چڕ و دووسەرەی مووشەکی بووەتەوە کە سەرچاوەکانیان ئێران و بزووتنەوەی حزبوڵڵای لوبنانن. ئەم پێشهاتەش بە یەکێک لە قورسترین پەرەسەندنەکان دادەنرێت لەوەتەی رووبەڕووبوونەوەکانی ئەم دواییە دەستیان پێکردووە.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشی هاوبەش کراوەتە سەر باکووری وڵاتەکە، کە بووەتە هۆی بیستنی دەنگی تەقینەوەی گەورە و کەوتنەخوارەوەی راستەوخۆی مووشەکێک لە ناوەڕاستی شاری حەیفا.
کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد، کە ئەم هێرشە هاوکات بووە لەگەڵ ئاراستەکردنی چەندین مووشەکی دیکە لە خاکی لوبنانەوە.
لە بەرامبەر ئەم پێشهاتانەدا، فەرماندەیی بەرەی ناوخۆیی ئیسرائیل داوای لە دانیشتووان کردووە کە دەستبەجێ دوای بیستنی زەنگی ئاگادارکردنەوە روو لە پەناگەکان بکەن.
لە هەمان کاتدا تیمەکانی فریاکەوتنی سەر بە رێکخراوی "ئەستێرەی داودی سوور" بەرەو چەندین شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکان بە ڕێ کەوتوون بە مەبەستی پێشکەشکردنی یارمەتی و هەڵسەنگاندنی قەبارەی زیانەکان.