مۆسکۆ و تاران لەسەر ئاستی باڵا کۆدەبنەوە
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مۆسکۆ پێشبینی دەکات، یەکەمین کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی رووسیا و رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی، لە پەراوێزی لوتکەی وڵاتانی کەناراوەکانی دەریای قەزوین لە تاران بەڕێوە بچێت.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 14ـی ئاداری 2026، کازم جەلالی، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رووسیا، لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "نۆڤۆستی"ـی رووسی گوتی: پێدەچێت یەکەمین دیداری نێوان ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا و موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای نوێی ئێران، لە پەراوێزی "لوتکەی وڵاتانی کەناراوەکانی دەریای قەزوین" ئەنجام بدرێت کە بڕیارە ئەمساڵ لە شاری تاران بەڕێوە بچێت.
جەلالی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران سوپاسگوزاریی خۆی ئاراستەی پوتین دەکات بۆ ئەو پرسەنامەیەی کە بەبۆنەی کۆچی دوایی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێرانەوە ئاراستەی کردبوون، هەروەها بۆ ئەو پەیامی پیرۆزباییەی کە رۆژی یەکشەممەی رابردوو ئاراستەی موجتەبا خامنەیی کرد دوای ئەوەی وەک جێگرەوەی باوکی و سێیەمین رێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران هەڵبژێردرا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کانوونی یەکەمی 2025ـدا رایگەیاندبوو، کە لوتکەی دەریای قەزوین لە رێکەوتی 12ـی ئابی 2026 لە تاران بەڕێوە دەچێت. بەڵام لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی رابردوودا جەنگ دژی ئێران هەڵگیرسا کە ئێستا پێ دەنێتە هەفتەی دووەمیەوە، سەرەڕای ئەم بارودۆخە ئاڵۆزە، تا ئێستا تاران هیچ راگەیەندراوێکی فەرمیی سەبارەت بە دواخستن یان هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەی سەرکردەی وڵاتانی کەناراوەکانی دەریای قەزوین بڵاو نەکردووەتەوە.