ئیمارات: لە هێرشی سەر کونسوڵخانەکەمان لە هەولێر دوو کارمەندی ئەمنی بریندار بوون

ئەمڕۆ شەممە، 14ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیەنراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە "تیرۆریستییە ترسنۆکانەی" کرد کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) کرایە سەر کونسوڵخانەکەیان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ئاماژەی بەوە دا، ئەمە دووەم جارە لە ماوەی یەک هەفتەدا هێرش دەکرێتە سەر کونسوڵخانەیان لە هەرێمی کوردستان. روونیشی کردەوە، هێرشەکەی ئەمجارە بووەتە هۆی برینداربوونی دوو کارمەندی ئەمنی و زیانی گەورەش بە باڵەخانەی کونسوڵخانەکە گەیشتووە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات جەختی لەوە کردەوە، بەئامانجگرتنی نێردە و بارەگا دیپلۆماسییەکان پێشێلکارییەکی روونی هەموو یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکانە، بەتایبەتی رێککەوتننامەی ڤیێنا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان. ئەو رێککەوتننامەیە پارێزبەندیی تەواو بۆ باڵەخانە دیپلۆماسییەکان و کارمەندەکانیان گەرەنگی دەکات. 

وەزارەتەکە پێی وایە ئەم جۆرە هێرشانە پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.

هاوکات دەوڵەتی ئیمارات داوای لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ئەم هێرشە بکەن بۆ دیاریکردنی ئەو لایەنانەی بەرپرسیارن لێی. هەروەها داوای گرتنەبەری هەموو رێکارە پێویستەکانی کرد بۆ دڵنیابوون لە لێپرسینەوە و سزادانی ئەنجامدەرانی هێرشەکە.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات دووپاتی کردەوە، بە توندی رەتی هەموو ئەو هێرشە ترسنۆکانە دەکەنەوە ئامانجیان تێکدانی ئاسایش و سەقامگیرییە. هەروەها پێویستیی پاراستنی بارەگا دیپلۆماسییەکان و کارمەندەکانیانی بەپێی یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکان بیرهێنایەوە.