سەرۆکایەتیی هەرێم: پێویستە بەغدا ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان جێبەجێ بکات

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی ئیمارات لە هەولێر دەکات و دەڵێت: پێویستە حکوومەتی عێراق ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان جێبەجێ بکات.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە ئەمڕۆ شەممە 14ـی ئاداری 2026، کرایە سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە هەولێر و بەهۆیەوە دوو پاسەوان بریندار بوون و زیان بە باڵەخانەی کونسوڵخانەکە گەیشت.

سەرۆکایەتییەکە، وێڕای ئەوەی هیوای زووچاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست، دووپاتی کردەوە، کە پێویستە حکوومەتی عێراق ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان جێبەجێ بکات و، رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە بكات.

جەختی لەوەش کردەوە، کە پێویستە حکوومەتی عێراق ئەنجامدەری هێرشەکان بدۆزێتەوە و سزایان بدات، تاوەکوو چیدیکە ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی وڵات نەکەونە مەترسییەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات، لە راگەیەنراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە "تیرۆریستییە ترسنۆکانەی" کرد کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) کرایە سەر کونسوڵخانەکەیان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ئاماژەی بەوە دا، ئەمە دووەم جارە لە ماوەی یەک هەفتەدا هێرش دەکرێتە سەر کونسوڵخانەیان لە هەرێمی کوردستان.

روونیشی کردەوە، هێرشەکەی ئەمجارە بووەتە هۆی برینداربوونی دوو کارمەندی ئەمنی و زیانی گەورەش بە باڵەخانەی کونسوڵخانەکە گەیشتووە.

لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکانی عێراق، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ، هەوڵی بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان هەروەها کونسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان دەدەن.

سەرجەم ئەو هێرشانەی کە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژەوە کردوویانەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا و هاوپەیمانان تێکشکێنراون، هێرشەکانیش زیانی گیانی و ماددی لێ کەوتووەتەوە.