پزیشکیان ستایشی خۆڕاگریی گەلەکەی دەکات: ئەم هەلومەرجە سەختە تێدەپەڕێنین
سەرۆککۆماری ئێران ستایشی خۆڕاگری و ورەی بەرزی گەلەکەی دەکات لە بەرامبەر ئەو جەنگەی بەسەریاندا سەپێنراوە. هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی 15 ڕۆژ بەسەر دەستپێکی هێرشەکاندا، حکوومەتەکەی بەردەوامە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتییان و بەڵێنی ئاوەدانکردنەوەی وڵات بە شێوەیەکی پێشکەوتووتر و باشتر لە رابردوو دەدات.
شەممە، 14ـی ئاداری 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: "سەرەڕای تێپەڕبوونی 15 ڕۆژ بەسەر ئەم جەنگە ناڕەوا و سەپێنراوەدا، هەروەها سەرەڕای بوونی چەندین ئاڵنگاری و ئاستەنگ لە کەرتەکانی گواستنەوە، پەیوەندییەکان و کەرتەکانی دیکەدا، بەڵام بەهۆی هەوڵ و کۆششی هاوکارانمان لە حکوومەت، هیچ وەستانێکی جیددی لە پرۆسەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتییان رووی نەداوە."
سەرۆک کۆماری ئێران لە درێژەی پەیامەکەیدا روو لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت: "بە یەکڕیزی و هاودەنگیی ئێوەی گەلی بەڕێزی ئێران، ئەم هەلومەرجە سەختە تێدەپەڕێنین، هەرچییەکیان وێران کردووە، بە شێوەیەکی زۆر باشتر لە جاران بنیاتی دەنێینەوە."
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.