بەقایی: ئەمریکا خاکی وڵاتانی دراوسێ بەکار دەهێنێت و ئێمەش لە دۆخی بەرگریی رەواداین
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رەخنەی توند لە داواکاریی وڵاتانی رۆژئاوا دەگرێت بۆ "دانبەخۆداداگرتن" و بە نادادپەروەری وەسفی دەکات، هاوکات دووپاتی دەکاتەوە کە وەڵامدانەوەی سەربازیی ئێران تەنیا بەرگرییە لە سەروەریی خاکی خۆی. هەروەها هۆشداریی دەدات کە بەکارهێنانی خاکی وڵاتانی دراوسێ لە لایەن ئەمریکاوە، ناسەقامگیریی ناوچەکە قووڵتر دەکاتەوە.
شەممە، 14ـی ئاداری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "CGTN"ـی چینی، لە بارەی خێرا هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێی وڵات لەم هەلومەرجەدا، گوتی: "ئەمە پەیامێکی زۆر روونە کە سیستەمی سیاسیی ئێران، سەرەڕای سەرجەم ئاڵنگارییەکان و ئەو دۆخە هەستیارەی پێیدا تێدەپەڕین، خاوەنی سەقامگیری و لێهاتووییەکی بەرزە و توانایەکی تەواوی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات."
هاوکات سەبارەت بە داواکاریی هەندێک وڵات لە ئێران بۆ دانبەخۆداداگرتن، بەقایی گوتی: "ئاراستەکردنی داواکاریی بۆ دانبەخۆداداگرتن لە ئێران، وەک دەوڵەتێک کە هێرشی کراوەتە سەر، پێچەوانەی دادپەروەرییە. بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا داوامان لێدەکەن دان بەخۆماندا بگرین، لە راستیدا چاوەڕێی ئەوەمان لێ دەکەن دەستبەرداری مافی رەوای خۆمان بین بۆ بەرگریکردن لە خۆمان."
جەختیشی کردەوە کە ئەوەی ئێران دەیکات، تەنیا بەرگریکردنە لە کەرامەت و سەروەریی خۆی لە بەرامبەر پەلامارێکی دڕندانە و نایاساییدا.
لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە، بەقایی رایگەیاند: "ئێمە لە ڕۆژی یەکەمەوە، بگرە دوو بۆ سێ مانگ پێشتریش، هۆشداریمان داوە کە هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران، لێکەوتەی دەبێت بۆ ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەش. هۆکارەکەشی ئەوە نییە ئێمە بە ئارەزووی خۆمان بمانەوێت ئاگری جەنگ فراوان بکەین، بەڵکو ئێمە لە حاڵەتی بەرگریی رەواداین."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لە بەکارهێنانی خاکی دراوسێکان کرد و گوتی: "ئەمریکییەکان خاکی وڵاتانی دراوسێ و بنکەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکار دەهێنن، بۆیە ناچارین رووبەڕوویان ببینەوە. بەم پێیەش، ناسەقامگیریی ناوچەکە دەرئەنجامی راستەوخۆی پێشێلکردنی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی ئێران بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، بەقایی رایگەیاند: کە بۆ وڵاتێک بەردەوام لەژێر بۆردومانی دوو دەستدرێژیکاردابێت، "لەپێشینەترین ئەرک، بەرگریکردنە لە سنوور، خاک و هاووڵاتییەکانی."
لە کۆتاییشدا دووپاتی کردەوە: "ئێمە هەرگیز دیپلۆماسییەتمان ڕەت نەکردووەتەوە، بەڵام ئەمە دووەمین جارە لە ماوەی نۆ مانگی رابردوودا کە ئێران لە لایەن ئەمریکاوە هێرشی دەکرێتە سەر، ڕێک لەو کاتانەی کە خەریکی پڕۆسەی دانوستان بووە."
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.