سوپای پاسداران: ئەگەر پێویست بکات سەرجەم بانکە ئەمریکییەکانی ناوچەکە دەکەینە ئامانج

ئێران بەرپرسیارێتیی خۆی لە بەئامانجگرتنی لقەکانی بانکی ئەمریکی "سیتی بانك" لە دوبەی و مەنامە راگەیاند. سوپای پاسدارانیش ئەم هەنگاوە بە کاردانەوەیەک لە بەرامبەر هێرشکردنە سەر بانکەکانی وڵاتەکەی دەزانێت و هەڕەشەی فراوانکردنی بازنەی ئامانجە ئابوورییە ئەمریکییەکان دەکات.

شەممە، 14ـی ئاداری 2026، میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، شەوی رابردوو لە رێگەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، هەردوو لقی بانکی ئەمریکی "سیتی بانك"ی لە شاری دوبەی لە ئیمارات و مەنامەی پایتەختی بەحرەین کردووەتە ئامانج.

لەم بارەیەوە، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم هێرشە لە وەڵامی ئەوەدا بووە کە بە وتەی خۆیان "دوژمن دوو بانکی ئێرانی کردووەتە ئامانج". سوپای پاسداران هۆشدارییەکی توندیشی دا و رایگەیاند: کە ئەگەر هێرشەکانی ئەمریکا دووبارە ببنەوە، ئەوا "سەرجەم لقەکانی بانکە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا دەبنە ئامانجیان".

ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێرانی پشتڕاستی کردەوە، کە لقەکانی ئەو بانکە ئەمریکییە لە دوبەی و مەنامە رووبەڕووی پەلامار بوونەتەوە و، تیشکی خستە سەر پێگەی ئابووریی بانکەکە و رایگەیاند: کە "سیتی بانك" یەکێکە لە دیارترین دامەزراوە داراییە جیهانییەکان و رۆڵێکی گرنگ لە مامەڵە نێودەوڵەتییەکان و یەکلاکردنەوەی پارەدانەکان بە دۆلاری ئەمریکی دەگێڕێت.

"سیتی بانك" لە ریزبەندی ئەو دامەزراوە داراییانەدایە کە لەسەر ئاستی جیهان خاوەنی گرنگییەکی سیستەمیی گەورەن. بەپێی ئامارەکان، قەبارەی سەرمایە و ئامانجەکانی ئەم بانکە لە ساڵی 2025ـدا بە نزیکەی 2.64 تریلیۆن دۆلار خەمڵێنراوە، کە ئەمەش وای کردووە ببێتە یەکێک لە گەورەترین و زەبەلاحترین بانکەکان لەسەر ئاستی جیهان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.