هێزی دەریایی ئێران: هیچ کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا لە کەناراوەکانمان نزیک نەبووەتەوە

فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، رەتی دەکاتەوە تا ئێستا هیچ کەشتییەکی وێرانکەری ئەمریکی لە کەناراوەکانی وڵاتەکەی نزیک بووبێتەوە.

شەممە، 14ـی ئاداری 2026، فەرماندەیی هێزی دەریایی سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: تا ئەم ساتە هیچ زانیاری و راپۆرتێک نییە کە ئاماژە بێت بۆ نزیکبوونەوەی کەشتییە جەنگییە وێرانکەرەکانی ئەمریکا لە کەناراوەکانی وڵاتەکەیان.

ئەم راگەیەندراوەی سوپای پاسداران هاوکاتە لەگەڵ پێشهاتە خێراکانی ناوچەکە و لێدوانی بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات.

هەر ئەمڕۆ، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا دووپاتی کردەوە کە گەرووی ستراتیژیی هورمز بە کراوەیی ماوەتەوە، بەڵام "بە رووی کەشتییەکانی دوژمنانی ئێران و هاوپەیمانەکانیاندا داخراوە."

عێراقچی هۆشداریشی دا کە هێزە چەکدارەکانی ئێران بە توندی وەڵامی هەر هێرشێک دەدەنەوە کە بکرێتە سەر دامەزراوەکانی وزەی وڵاتەکەی.

لە بەرامبەریشدا و لەسەر هەمان پرس، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ لە پەیامێکدا جەختی لەوە کردەوە، کە کۆتایی بە ئاستەنگییەکانی بەردەم کەشتیوانی دەهێنن و رایگەیاند کە "لە داهاتوویەکی نزیکدا گەرووی هورمز دەکرێتەوە."

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.