16ـی ئادار لە سەرجەم دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان پشووە

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا رۆژی دووشەممە، کە دەکاتە 16ـی ئاداری 2026، لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکاندا بکرێتە پشووی فەرمی. ئەمەش لە چوارچێوەی یادکردنەوەی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە دێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی کردەوە، بە پێی یاسای ژمارەی (12)ـی ساڵی 2024 بۆ پشووە فەرمییەکان لە عێراق، رۆژی دووشەممە (16ـی ئاداری 2026)، بۆ یادی قوربانییانی تاوانەکانی حکوومەتی بەعس بەرانبەر هەڵەبجە و هەڵمەتی ئەنفال و گۆڕە بە کۆمەڵەکان، لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمی دەبێت.

پشووەکە بەدەرە لە دەوامی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان کە بە شێوەی ئێشکگری لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بەردەوام دەبن و، بڕیارە رۆژی سێشەممەش دەوامی ئاسایی دەست پێبکاتەوە.