کۆشکی سپی: توانای سەربازیی ئێرانمان بە ڕێژەی 95% پەکخستووە
سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی، ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران سەرکەوتنێکی بێوێنەیان بەدەستهێناوە و تواناکانی ئەو وڵاتەیان لەسەر ئاستی وشکانی و دەریایی گەیاندووەتە لێواری داڕمان. جەختیشی کردەوە کە پاراستنی هاووڵاتیانی ئەمریکا لە هەر هەڕەشەیەکی ناوخۆیی و دەرەکی، لە ئەولەویەتی کارەکانی سەرۆک ترەمپدایە.
یەکشەممە 15ـی ئاداری 2026، کارۆڵاین لیڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ فۆکس نیووز ئامارە نوێیەکانی هێرشەکانی ئەمریکای بۆ سەر ئێران ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: "تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، هێرشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران بە ڕێژەی 90% و توانای درۆنەکانیان بە ڕێژەی 95% کەمکراونەتەوە". ئاماژەی بەوەش دا کە هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە 65 کەشتی جەنگی ئێران نوقم بکەن و زیاتر لە 6000 ئامانج لە ناو خاکی ئەو وڵاتە بپێکن، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە دەستڕاگەییشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی.
سەبارەت بە هەڕەشەکانی داعش و گرووپە توندڕەوەکان لە ناوخۆی ئەمریکا، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە هەماهەنگییەکی باڵا لە نێوان پۆلیسی ناوخۆیی و ئاژانسە فیدراڵییەکاندا هەیە. لیڤت گوتی: ترەمپ بەردەوام لە هێڵی گەرمدایە لەگەڵ تیمە ئەمنییەکان بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر پیلانێکی تیرۆریستی".
لە وەڵامی نیگەرانییەکانی هاووڵاتییان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، لیڤت ڕایگەیاند کە ئەمە کێشەیەکی کاتییە و بەهۆی ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمزەوە دروست بووە. ئاشکرای کرد کە ئیدارەی ئەمریکا دەستی کردووە بە بەکارهێنانی یەدەگی ستراتیژی نەوت (SPR) بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی نرخەکان و جەختی کردەوە کە ڕێگە نادەن "تیرۆریستانی ئێران" بازاڕی وزەی جیهانی بە بارمتە بگرن.