بەقایی: داواکاریی ئەڵمانیا بۆ راگرتنی جەنگ بێمانایە
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، داواکارییەکەی فریدریش مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە تاران بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بە "کارێکی بێمانا و پێکەنیناوی" وەسف کرد.
ئیسماعیل بەقایی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" داوای لە راوێژکاری ئەڵمانیا کردووە، لە جیاتی تاران، رووی دەمی بکاتە واشنتن و تەلئەبیب بۆ ئەوەی کۆتایی بە جەنگ بهێنن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت لەسەر ئەو "تاوانە دڕندانانەی" بەرامبەر گەلی ئێران ئەنجامیان داوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد: "راوێژکاری ئەڵمانیا داوا لە ئێران دەکات کۆتایی بە جەنگ بهێنێت! ئەمە کارێکی زۆر بێمانایە؛ چۆن داوا لە ئێران دەکرێت کە خۆی قوربانی دەستدرێژییەکی بەردەوام و بێ پاساوە، بە هەر شێوەیەک بێت کۆتایی بە ململانێکان بهێنێت؟" هەروەها دەپرسێت: "بۆچی رووی داواکارییەکانتان ناکەنە ئەو دەستدرێژکارە توڕانەی بەرپرسن لە بۆردومانکردن و کوشتنی ئێرانییەکان؟ بۆچی داوای لێپرسینەوە لە ئەمریکا و ئیسرائیل ناکەن لەسەر ئەو تاوانە قێزەونانە؟"
ئەم لێدوانانەی تاران لە کاتێکدایە، لە 28ی شوباتی رابردووەوە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی سەربازیی فراوانیان دژی ئێران دەستپێکردووە، کە بەهۆیەوە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی و ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییە باڵاکان و هاووڵاتیانی مەدەنی گیانیان لەدەستدا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی گفتوگۆ ئەتۆمییە ناڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتن بەردەوام بوون.