سوپای ئیسرائیل: جەنگی دژی ئێران لانی کەم سێ هەفتەی دیکە بەردەوام دەبێت
سوپای ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، کە هەڵمەتە سەربازییەکانیان بۆ سەر ئێران لانی کەم سێ هەفتەی دیکە بەردەوام دەبن و هەزاران ئامانجی دیکەیان ماوە بیانپێکن.
یەکشەممە، 15ـی ئاداری 2026، گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل، بە میدیاکانی گوت: سوپا پلان دادەڕێژێت بۆ ئەوەی لانی کەم سێ هەفتەی دیکە درێژە بە هەڵمەتە سەربازییەکانی لە ناوخۆی ئێران بدات، بە لەبەرچاوگرتنی مانەوەی "هەزاران ئامانج"ـی دیکە کە تا ئێستا نەپێکراون.
لای خۆیەوە کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی (ABC)ـی ئەمریکی گوتی: "کێشە و ململانێ لەگەڵ ئێران لە چەند هەفتەی داهاتوودا کۆتایی دێت، ئەمەش رێگە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوەی ئاستی هەناردەی نەوت و دابەزینی نرخەکان لە بازاڕە جیهانییەکاندا".
هەروەها گوتیشی: "جیهان ئێستا بە قۆناغێکی کورتی پشێوی لە کەرتی وزەدا تێدەپەڕێت، بەڵام لە جەنگەکاندا هیچ گرەنتییەکی تەواو نییە سەبارەت بە کاتی وردی کۆتاییهاتنی ئەم پشێوییانە".
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.