پزیشکیان و ماکرۆن دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
سەرۆککۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، لەگەل سەرۆکی فەرەنسا، دوایین پێشهات و دۆخی هەنووکەیی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
یەکشەممە، 15ـی ئاداری 2026، ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ـی ئێرانی بڵاوی کردەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، دوایین پێشهاتە و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کران.
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، ئێران هەمیشە بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ناوچەکە، لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە دەکاتە ئامانج.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.