سوپای ئیسرائیل: %80ـی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانمان لەنێو بردووە

سوپای ئیسرائیل راپۆرتێکی وردی لەسەر ئەنجامەکانی دوو هەفتەی ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێران" بڵاو کردەوە و رایگەیاند کە گورزێکی سیستماتیک و کوشندەیان لە ژێرخانە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی وەشاندووە، بە جۆرێک کە زۆربەی سیستەمە بەرگری و هێرشبەرەکانی ئەو وڵاتە لەکار خراون.

یەکشەممە 15ی ئاداری 2026، سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد کە لە ماوەی 14 رۆژی رابردوودا، زیاتر لە 700 ئامانجی مووشەکییان لە کاتی کاراکردنیاندا پێکاوە. بەپێی راپۆرتەکە، %70ـی مووشەکە بالیستییەکان و %70ـی سەکۆکانی هاویشتن بە تەواوی لەکار خراون، هاوکات زیاتر لە 250 درۆن تێکشکێنراون.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە کە هێرشەکان تەنیا بۆ سەر توانای هێرشبەری نەبووە، بەڵکوو %80ـی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران، لەوانە رادارەکان و مووشەکەکانی زەوی بۆ هەوا، کراونەتە ئامانج و لەنێو براون.

سوپای ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە کە ئەم دەستکەوتانە ئەنجامی پلانێکی داڕێژراو بووە و رایگەیاند، "ئێمە هێشتا هەزاران ئامانجی ترمان لەناو خاکی ئێراندا هەیە و رۆژانە بانکێکی نوێی ئامانجەکان نوێ دەکەینەوە."