روانگەی سووری: لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر رۆژهەڵاتی سووریا 23 کەس کوژران

"ئەمە زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدانە لەئەنجامی یەک هێرش لەماوەی نزیکەی دوو ساڵی رابردوودا"

هێرشێکی ئاسمانی لە سووریا، 2019، وێنە: SANA / AP
هێرشێکی ئاسمانی لە سووریا، 2019، وێنە: SANA / AP

K24 - هەولێر

هێرشی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆ سەر جبەخانەی چەک و بنکەی سەربازی لە رۆژهەڵاتی سووریا، بەپێی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بووە هۆی کوژرانی 23 کەس، ئەمەش زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدانە لەئەنجامی یەک هێرش، لەماوەی نزیکەی دوو ساڵی رابردوو.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 13-1-2021) رایگەیاند فڕۆکەکانی ئیسرائیل بەچڕی ئەو ناوچەیەیان بۆردوومان کردووە کە لە شاری ئەلزوور بۆ ئەلبوکەمال درێژدەبێتەوە لەسەر سنووری عێراق سووریا.

هەر بەپێی هەمان سەرچاوە، هێرشە ئاسمانییەکە جبەخانە و سەربازگەکانی دەروبەری شاری دێرەزوور و بنکە جبەخانەکانی دەوروبەری ئەلبوکەمال و مەیادینی گرتووەتەوە، ئەو شوێنانەی بۆردوومان کراون "سەر بە حیزبوڵڵا و هێزە ئێرانییەکان و میلیشیاکانی سەر بەوان بوون".

روانگەی سووری باسی ئەوە دەکات، هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی حەوت سەربازی سوپای سووریا و 16 چەکداری سەر بە ئێران، هەروەها 28 کەسی دیکە بریندارن، کە بەشێکیان برینیان سەختە.

ئاژانسی فەرمیی هەواڵەکانی سووریا (سانا)، ئەمڕۆ لەزاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە رایگەیاند "هێرشەکە بەدیاریکراوی کاتژمێر 01:10ـی بەرەبەیانی ئەنجامدراوە، ئیسرائیلی دوژمن هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر شاری دێرەزوور و ناوچەی ئەلبوکەمال و ئێستاش لە ئەنجامی ئەو هێرشە دەکۆڵینەوە"، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی دیکە ئاشکرا بکات.

رامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە "ئەم هێرشە تووندوتیژترین هێرشی ئیسرائیلە بۆ سەر پارێزگای دێرەزوور لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا و، بووەتە هۆی زۆرترین گیانلەدەستدان لەوەتەی مانگی حوزەیرانی 2018، کاتێک بەهۆی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل، 55 کەس کوژران، کە لەنێویاندا 16 کەس لە هێزەکانی سەر بە رژێمی سووریا هەبوون".

ناوچەی نێوان شارەکانی ئەلبوکەمال و مەیادین بەپێی ئاژانسە فەرەنسییەکە "لەژێر کاریگەریی ئێرانە بەهۆی بوونی گرووپی سەر بە ئێران کە شانبەشانی هێزەکانی سوپای سووریا دەجەنگن".

هەرچەندە ئیسرائیل زۆر بە دەگمەن ئەنجامدانی ئەو هێرشانە پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵام لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەو هێرشانەی چڕکردووەتەوە و، بەردەوامیش دەڵێ رووبەڕووی ئەوە دەبێتە کە بە "هەوڵەکانی ئێران بۆ دریژبوونەوەی سەربازی بۆ سووریا" وەسفی دەکات.

Fly Erbil Advertisment