جوتیار عادل زانیاری له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی خوێندن ئاشكرا كرد
گوته‌بێژی حكومه‌ت: به‌م نزیكانه كات و رێژه‌ی مووچه راده‌گه‌یه‌نین

K24- هه‌ولێر:
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رایگه‌یاند، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سێ بڕگه‌ی سه‌ره‌كی و گرنگ تاوتوێ كران و زانیاری له‌باره‌ی كاتی ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی خوێندنیش ئاشكرا كرد.
تاوتوێكردنی پڕۆژه یاسای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021:
جوتیار عادل گوتی: له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ریه‌ك له وه‌زیری دارایی و وه‌زیری پلاندانانی حكومه‌تی هه‌رێم پێشنیازه‌كانیان له‌ژێر رۆشنایی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێی لیژنه‌ی ئابووری هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌شكرد، ژماره‌یه‌ك پێشنیاز و بیرۆكه له‌چوارچێوه‌ی پڕۆژه یاسای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 خرانه‌ڕوو و گفتوگۆیان له‌باره‌یه‌وه كرا.
هه‌روه‌ها گوتی: له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كانی راسپارد، بۆ ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی كه‌متر له دوو هه‌فته‌دا پڕۆژه‌كانیان له‌باره‌ی رێكخستنه‌وه‌ی خه‌رجیی و داهاته‌كان بۆ ئه‌و لیژنه‌یه به‌رز بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له نزیكترین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا گفتوگۆ بكرێت و په‌سه‌ند بكرێت.
گرێبه‌ستی خزمه‌تگوزاری له خاڵه سنوورییه‌كان:
جوتیار عادل ئاشكراشیكرد، له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی تاوتوێی رێكار و بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به رێكخستنه‌وه‌ی گرێبه‌سته خزمه‌تگوزارییه‌كان له خاڵه سنوورییه‌كان كرد، له‌وباره‌یه‌وه هه‌نگاوی باش نراون و دووپاتیكرده‌وه، ئامانجی ئه‌و لیژنه‌یه رێكخستنه‌وه‌ی داهاته‌كان و زیادكردنی داهاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه له چوارچێوه‌ی ئه‌و گرێبه‌ستانه، سه‌پاندنی باج له‌سه‌ر ئه‌و گرێبه‌ستانه و هه‌ندێك لایه‌ن كه هیچ گرێبه‌ستێكیان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت نییه و ته‌نیا بوونی ئه‌وان له‌و شوێنانه بۆ زیادكردنی روتینه و جه‌ختی كرده‌وه، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه ناكرێت و رێگه‌یان پێ نادرێت له‌و خاڵانه كار بكه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌چوارچێوه‌ی یاسا كارپێكراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا نه‌بێت.
هه‌روه‌ها گوتی: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سۆنگه‌ی شه‌فافیه‌ت و دروستكردنی هاوسه‌نگی له‌نێوان داهات و خه‌رجییه‌كان، دوای چه‌ندین ساڵ له ماوه‌یه‌كی نزیكدا پڕۆژه‌یاسایه‌ك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌خرێته‌ڕوو و په‌سه‌ند ده‌كرێت، به ئامانجی ئاشكراكردنی داهات و خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت به ته‌واوه‌تی، ئه‌مه‌ش له پێناو به‌دیهێنانی داد‌په‌روه‌ری و شه‌فافیه‌ت له‌م چوارچێوه‌یه‌دا.
ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندن و رێكاره‌كانی تایبه‌ت به كۆرۆنا:
سه‌باره‌ت به رێكاره‌كانی خۆپاڕێزی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، جوتیار عادل ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئه‌مڕۆ حكومه‌ت وه‌ك لیژنه‌ی باڵای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆبووه‌وه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆی بۆ دۆخی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان خسته‌ڕوو و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده پێشنیازه‌كانیان پێشكه‌ش كرد، دوای هه‌ڵسه‌نگاندن و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و پێشنیازانه و پاش خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ پلانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، كه بۆ ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی خوێندن ئاماده‌ی كردبوو، لیژنه‌ی باڵای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ئه‌و پلانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی په‌سه‌ند كرد.
هه‌روه‌ها گوتی: به‌گوێره‌ی پلانی په‌سه‌ندكراوی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، بڕیاردرا، رۆژی شه‌ممه 16ی ئه‌م مانگه خوێندنی قۆناغی 12ی ئاماده‌یی له قوتابخانه‌كان ده‌ستپێ بكاته‌وه، دواتر له 2ی شوبات لیژنه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا دووباره كۆده‌بێته‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بۆ دۆخه‌كه ده‌خرێته‌ڕوو و له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه بڕیاری نوێ ده‌رده‌كرێت.
سه‌باره‌ت به ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندن له قۆناغه‌كانی دیكه‌ی خوێندنیش، گوته‌بێژی حكومه‌ت گوتی: له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا بڕیاردرا، له 1ی 3ی ئه‌مساڵ پرۆسه‌ی خوێندن ده‌ستپێ ده‌كات و ئاشكرایكرد، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌م نزیكانه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ورده‌كاری و خشته‌ی چۆنیه‌تی ده‌ستپێكردنی خوێندن و ئه‌زموونه‌كان له رێگه‌ی پلان و به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه راده‌گه‌یه‌نێت.
دوای خستنه‌ڕووی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، گوته‌بێژی حكومه‌ت له وه‌ڵامی پرسیارێكدا له‌باره‌ی دابینكردن و دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه، ئاماده‌كارییه‌كان بۆ دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران كراوه و به‌م نزیكانه‌ش كات و رێژه‌ی مووچه راده‌گه‌یه‌نین.
زانیاری زیاتر له‌م ڤیدیۆیه‌دا: