داخستنی گەرووی هورمز نرخی سووتەمەنی لە ئۆکرانیا گرانتر کردووە
جەنگی ئێران کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر گیرفانی هاووڵاتیانی ئۆکرانیا هەبووە. لەگەڵ ئەوەی لە بنەڕەتدا بەنزینیان بە گران دەست دەکەوت، داخستنی گەرووی هورمز نرخی سووتەمەنیی لە وڵاتەکەیان گرانتر کردووە.
گرانبوونی نرخی سووتەمەنی بازاڕی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی لە کێڤی پایتەخت گەرم کردووەتەوە. خەڵکێکی زۆر بۆ خۆدەربازکردن لە خەرجیی زۆری بەنزین و پاراستنی ژینگەی شارەکەیان روویان لەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە کردووە.
بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەباییش لە ئۆکرانیا بێ کێشە نییە، چونکە بەهۆی جەنگەوە وڵاتەکە بەدەست کەمیی و نەبوونی کارەبای پێویستەوە دەناڵێنێت.
ئۆلێکساندەر کاتڤیتسکی، بازرگان و فرۆشیاری ئۆتۆمبێل ئاماژەی بەوە کرد، سەرەتا بەهۆی نەبوونی کارەباوە خواست لەسەر ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان کەم بوو، نرخەکانیشیان دابەزی، بەڵام ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەوە دیسان بازاڕیان گەرم بووەتەوە.
روونیشی کردەوە، "تاکە رێگەی گەیشتنی سووتەمەنی بە ئێمە ئێستا داخراوە، هەرچەندە پێشبینی ناکرێت قەیرانەکە بەمزووانە زۆر قووڵ ببێتەوە، بەڵام هەمووان نیگەرانن و هەندێکیش دەیانەوێت دۆخەکە بقۆزنەوە، ئێستا نەک تەنیا بەنزین، بەڵکوو نرخی هەموو شتێک بەرزبووەتەوە".
ڤیکتۆریا لیتڤینێکۆ، ئەکتەری ئۆکرانی رایگەیاند، "وەکوو ئۆکرانییەکان نابێت ئیتر بە هیچ شتێک تووشی شۆک ببین، دەبێت سوپاسگوزار بین بەوەی هێشتا سوتەمەنی هەیە. بیرمە لە سەرەتای جەنگی وڵاتەکەماندا سووتەمەنی هەر نەبوو".
ئەوەشی خستە روو، وادیارە خەڵک ئامادەیە پارەی زیاتر بە سووتەمەنی بدات، رەنگە هەندێک باسی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بکەن، دەکرێت ئەوە چارەسەرێک بێت، بەڵام ئەو چارەسەرە بەزوویی و لە ماوەیەکی کورتدا بەدی نایەت.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران، نرخی یەک لیتر بەنزین لە بەنزیخانەکانی ئۆکرانیا بە رێژەی 12% بەرزبووەتەوە.
شارەزایانیش پێشبینی دەکەن ئەگەر ئاڵۆزییەکان درێژە بکێشن، نرخی سوتەمەنی هێندەی دیکە بەرزدەبێتەوە و دەبێتە دێوەزمەیەکی نوێ بۆ چوونە پاڵ تەواوی ئەو قەیرانانەی دیکەی یەخەی ئۆکرانیایان گرتووە.