ئەمریکا هێزێکی گەورەی مارێنز رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

داتاکانی چاودێریی دەریایی نیشانی دەدەن، کەشتییەکی جەنگیی هێزی دەریایی ئەمریکا کە هەزاران سەربازی مارێنزی هەڵگرتووە، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیک دەبێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 17ی ئاداری 2026، داتاکانی شوێنپێهەڵگرتنی کەشتیوانی ئاماژە بەوە دەکەن، کەشتیی جەنگیی "USS Tripoli" لە گەرووی مەلەکا لە نزیک سینگاپوور نزیک بووەتەوە و بەرەو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەیە. بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی سی ئێن ئێن، ئەم کەشتییە هێرشبەرە لە کەناراوەکانی باشووری دەریای چین بینراوە.

بەگوێرەی گوتەی سێ بەرپرسی ئاگادار، پێدەچێت ئەم کەشتییە یەکەی 31ی مارێنزی هەڵگرتبێت کە بنکەکەیان لە ئۆکیناوای ژاپۆنە. ئەم یەکەیە هێزێکی کاردانەوەی خێرایە و لە 2,200 سەرباز پێکدێت. پێنتاگۆن فەرمانی بەو یەکەیە کردووە بەرەو ناوچەکە بجوڵێن، هەرچەندە تا ئێستا شوێنی وردی جێگیربوونیان و ئەرکە دیاریکراوەکەیان ئاشکرا نەکراوە.

یەکەکانی مارێنز (MEU) لە چوار بەشی سەرەکی پێکدێن: فەرماندەیی، جەنگی وشکانی، جەنگی ئاسمانی و لۆجیستی. ئەم یەکەیانە بەشێوەیەکی گشتی بۆ ئەرکە گرنگەکان وەک چۆڵکردنی ناوچەکان، هێرشی دەریایی بۆ سەر کەناراوەکان و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان بەکاردەهێنرێن.

ماڵپەڕی "Marinetraffic" ئاشکرای کردووە "کەشتییەکی جەنگیی نەناسراوی ئەمریکی" لە رۆژی 11ی ئاداردا لە ئۆکیناوای ژاپۆنەوە بەڕێکەوتووە و بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بە خێرایی 22 میل لە کاتژمێرێکدا لە سینگاپوور نزیک بووەتەوە.

کەشتیی "USS Tripoli" کە درێژییەکەی نزیکەی 850 پێیە و کێشەکەی 45,000 تۆنە، هاوشێوەی فڕۆکەهەڵگرێکی بچووکە. ئەم کەشتییە فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی جۆری F-35 و فڕۆکەی گواستنەوەی جۆری MV-22 Osprey و چەندین بەلەمی جەنگیی بۆ گواستنەوەی سەربازەکان بۆ کەناراوەکان تێدایە.

ئەم کەشتییە رێبەرایەتی گروپێکی ئامادەباشی دەریایی دەکات کە بەشێوەیەکی ئاسایی هەریەک لە کەشتییەکانی "USS New Orleans" و "USS San Diego" لەگەڵدان، بەڵام تا ئێستا داتاکانی چاودێری بوونی ئەو دوو کەشتییەی دیکەیان لەگەڵ تریپۆلیدا پشتڕاست نەکردووەتەوە.