فایەق زێدان: سزای هێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان لەسێدارەدانە

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، هەر جۆرە دەستدرێژی و پەلامارێک بۆ سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکان لە چوارچێوەی تاوانە تیرۆریستییەکان ئەژمار دەکرێت، و بە پێی یاسای عێراقی سزاکەی دەگاتە لەسێدارەدان.

سێشەممە، 17ـی ئاداری 2026، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، نێردەی دیپلۆماسی بریتییە لەو دەستە فەرمییەی کە نوێنەرایەتیی دەوڵەتێک دەکات لە دەوڵەتێکی دیکەدا، کە باڵیۆزخانە، کونسوڵگەری، شوێنی نیشتەجێبوونی باڵیۆز و سەرجەم موڵک و ماڵی نێردەکە دەگرێتەوە. ئەم نێردانە بە یەکێک لە پایە هەرە گرنگەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دادەنرێن، چونکە رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە بەهێزکردنی هاریکاریی سیاسی، ئابووری و کولتووری لە نێوان وڵاتاندا."

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئاماژەی بەوە دا، کە ئەم نێردانە بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەتی "رێککەوتننامەی ڤییەنا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ساڵی 1961"، پارێزبەندی و تایبەتمەندییەکی بەرزیان هەیە و، "هەر دەستدرێژییەک بۆ سەریان بە تاوانێکی مەترسیدار دادەنرێت کە زیان بە تەواوی سیستەمی نێودەوڵەتی دەگەیەنێت."

لە بارەی پێناسەی تاوانەکەوە، زێدان روونی کردووەتەوە: "تاوانی هێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان خۆی لە هەر جۆرە کارێکدا دەبینێتەوە کە ئامانج لێی بارەگای باڵیۆزخانە یان کونسوڵگەرییەکان یان فەرمانبەرانیان بێت، جا چ لە رێگەی تێکدان، هەڕەشەکردن، پەلاماری جەستەیی، یان تەنانەت گەمارۆدان و رێگریکردن بێت لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیان. مەترسیی ئەم تاوانەش تەنیا لە زیانە گیانی و مادییەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکوو کاریگەری لەسەر پەیوەندیی نێوان وڵاتان دروست دەکات و رنگە ببێتە هۆی قەیرانی دیپلۆماسیی توند یان پچڕانی پەیوەندییەکان."

زێدان جەختی کردەوە، کە لە عێراقدا سزای توند بۆ ئەم کردەوانە دانراوە و وەک تاوانی دژ بە "ئاسایشی دەرەکیی دەوڵەت" سەیر دەکرێن بە پێی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ـی ساڵی 1969. هەروەها گوتی: "یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراقی ژمارە (13)ـی ساڵی 2005 بەو پەڕی توندییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم کەیسەدا دەکات، بە جۆرێک لە بڕگەی 6ـی ماددەی 2ـدا هاتووە کە هێرشکردنە سەر سەرجەم باڵیۆزخانە و دەستە دیپلۆماسییەکان لە عێراق لە ریزی کردەوە تیرۆریستییەکانە و سزاکەی دەگاتە لەسێدارەدان."

لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکانی عێراق، هەمیشە هەوڵی بە ئامانجگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، نێردە دیپلۆماسییەکان و بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و ناوچەکە دەدەن.

لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکانی عێراق، هەمیشە هەوڵی بە ئامانجگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، نێردە دیپلۆماسییەکان و بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و ناوچەکە دەدەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.