راگەیاندراوێک لە شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت
شاندی دانووستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی خۆی دەربڕی بۆ هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک، هاوتا لەگەڵ نەوتی کێڵگەکانی هەرێم، لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی هەرێم – جەیهان.
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی ئاداری 2026، شاندی دانووستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، تایبەت بە بابەتی هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.
ئاماژە بەوە کراوە، شاندی دانوستانکارى حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی شەراکەتی دەستووریی و لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی نیشتیمانی، جەختی کردەوە لەسەر ئامادەیی تەواوی هەرێمی کوردستان بۆ گرتنەبەری هەر رێکار و هەنگاوێک کە ببێتە هۆی زیادکردنی داهاتی گەنجینەی گشتی و چارەسەری قەیرانی دارایی، بە تایبەتی لەم بارودۆخە هەستیارەی ئێستای ناوچەکەدا، بە مەبەستی دابینکردنی مووچە و بژێوی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
هەروەها باس لەوە کراوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی خۆی دەربڕی بۆ هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک، هاوتا لەگەڵ نەوتی کێڵگەکانی هەرێم، لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی هەرێم – جەیهان.
لە راگەیەنراوەکەی شاندی حکوومەتی هەرێم دا هاتووە، هەردوو حکوومەت رێککەوتن لەسەر ئەوەی لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدڕاڵیی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم پێکبهێنن، بۆ دەستپێکردنی هەنگاوە تەکنیکیی و کارگێڕییە پێویستەکان، بە مەبەستی دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوت لە سبەینێوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ڕێگەی بۆری هەرێم، لەگەڵ گەڕانەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەناردەکراو بۆ گەنجینەی گشتی فیدڕاڵ.
هەروەها، هەردوولا رێککەوتن لەسەر گرتنەبەری ڕێکارییە ئاسایشییە پێویستەکان بۆ پاراستنی سەلامەتی کێڵگە نەوتییەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامی هەناردەکردنی نەوت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووبارە جەخت دەکاتەوە کە درێغی ناکات لە گرتنەبەری هەر ڕێکارێکی پێویست بۆ هاوبەشیی و پشتیوانی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە داراییەکان لە سەرتاسەری عێراق، بە ئاڕاستەی دابینکردنی داهاتی پێویست بۆ خەرجییە گشتییەکان و دابینکردنی مووچە، بژێوی و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.