بەرپرسێکی کۆنگرێس: ئەمریکا دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ موجتەبا خامنەیی دەکات
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێت، وڵاتەکەی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران دەکات.
برایان ماست، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە لێدوانێکدا دەڵێت، سەرباری ئەو دۆخەی هاتووەتە ئاراوە و پێکدادانی سەربازی هەیە، ئەمریکا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دانوستان لەگەڵ رێبەری نوێی ئێران ئەنجام دەدات.
برایان ماست ئاماژەی بەوە دا، ئەو گوشارە سەربازییەی دەخرێتە سەر ئێران بەشێکە لە تاکتیکی دانوستان و وا لە تاران دەکات بە داواکارییەکانی واشنتن رازی بێت.
برایان ماست، روونیشی کردەوە، ئامانجەکانیان لە شەڕی ئێران بەتەواوی روونن، ئەوانیش بریتین لە لەناوبردنی توانا سەربازی و مووشەکییەکانی ئێران، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی و گرەنتیکردنی ئەوەی ئێران جارێکی دیکە هاوکاریی میلیشیاکانی ناوچەکە نەکات.
تا ئێستا کۆشکی سپی و بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هیچ لێدوان و روونکردنەوەیکیان لەبارەی قسەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکە رانەگەیاندووە.
چەند رۆژێک پێش ئێستا، پێگەی "ئەکسیۆس"ـی ئەمریکی بڵاویکردبووەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، چەند جارێک دوای هەڵگیرسانی جەنگ، قسەیان لەگەڵ یەکتر کردووە؛ بەڵام بەرپرسانی تاران ئەو هەواڵەیان رەتکردەوە.
کۆتایی مانگی شوباتی 2026، جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکرد و تا ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی ئادار، بەردەوامە.
هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکانی واشنتن و تەلئەڤیڤ بەچڕی خاکی ئێران و پێگەی میلیشیاکانی نزیک لە تاران لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج. لە بەرانبەردا، ئێران و هێزە هاوپەیمانەکانی لەرێگەی هەڵدانی درۆن و مووشەکی بالیستییەوە بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و شارەکانی ئیسرائیل.
ئەم جەنگە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی راگرتنی تەواوی هەوڵە دیپلۆماسییەکان، لە ئێستاشدا تەنیا بژاردەی سەربازی بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێکان لە گۆڕەپانەکەدا ماوەتەوە.