رۆژی ده‌ستبه‌كاربوونی بایدن چی ده‌كرێت؟

K24 - مینیسۆتا
رۆژی 20ـی كانوونی دووه‌م (جێنیوه‌ری) 2021، كه ده‌كاته رۆژی ده‌ستبه‌كاربوونی جۆو بایدن بە سه‌رۆكی نوێی ئه‌مه‌ریكا، 20 هه‌زار گاردی نیشتمانی له واشنتۆن جێگیرده‌كرێن بۆ دڵنیابوون له سه‌لامه‌تیی دۆخی پایته‌خت.
رۆبه‌رت كۆنتی سه‌رۆكی پۆلیس له واشنتۆن رۆژی 13ـی كانوونی دووه‌م به رادیۆی ئێن پی ئاڕ-ی راگه‌یاند "پێموایه ده‌شێت پێشبینی ئه‌وه بكه‌ن، زیاتر له 20 هه‌زار گاردی نیشتمانی له ته‌واوی ناوچه‌كانی كه‌رتی كۆڵۆمبیا جێگیركرێت".
بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م قسانه‌ی كۆنتی، رۆژنامه‌ی (Army Times) ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئه‌م هه‌فته‌یه پێنتاگۆن ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه به جێگیركردنی 15 هه‌زار گاردی نیشتمانی له ناوچه‌كه بۆ رێوڕه‌سمی ده‌ستبه‌كاربوونی 46ـەمین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كه جۆو بایدن-ه.
هه‌روه‌ها كۆنتی به ئێن پی ئاڕ-ی راگه‌یاندووه، به‌تایبه‌تی مه‌راسیمی ده‌ستبه‌كاربوونی بایدن "رووداوێكی ئه‌منی و نیشتمانی تایبه‌ته"، بۆیه ده‌شێت 5 هه‌زار گارده‌كه‌ی دیکە، له هێزی خزمه‌تگوزاری نهێنی (Secret Servic)بن، گوتیشی: "ده‌رگای گۆڕانكاری له‌به‌رده‌م ئه‌م ژماره‌یه‌دا كراوه‌یه، ده‌شێت زیادبكات و گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت".
هه‌روه‌ها به‌رپرسێكی پێنتاگۆن له لێدوانێكدا به پێن پی ئاڕ-ی راگه‌یاندووه، پێشبینی دەکرێت ژماره‌ی ته‌واوی گاردی نیشتمانی بۆئه‌وه‌ی بڵاوه‌یان پێبكرێت له‌لایه‌ن هێزی خزمه‌تگوزاریی نهێنی و سه‌ركردایه‌تی هێزه‌كانی سه‌ر به ئاسایشی ده‌ستبه‌كاربوونی سهرۆكەوه بگاتە سه‌رووی 20 هه‌زار.
بۆ دڵنیاییدان به ئاسایش و ئارامی رۆژی 20 كانوونی دووه‌می 2021، له راگه‌یاندنێكی كورتدا، گه‌وره به‌رپرسانی ئێف بی ئای و خزمه‌تگوزاریی نهێنی و تیمی ئاسایشی نیشتمانی، خزمه‌تگوزارییه‌كانیان خسته خزمه‌ت رۆژی راده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات بۆ بایدن، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌و رۆژه.
له‌لایه‌كی تره‌وه به پێی سه‌رچاوه‌یه‌ك له كۆشكی سپی كه به زه واشنتۆن پۆست-ی راگه‌یاندووه، فڕۆكه‌خانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا رێوشوێنی تووندتر ده‌گرنه‌به‌ر لە چەند رۆژێك پێش مه‌راسیمی رۆژی 20ـی كانوونی دووه‌م.
به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی واشنتۆن پۆست، تیمی بایدن گونجاون و دڵخۆش و قایلن له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی ئه‌منیی پێشوو ده‌رباره‌ی ئەو رێوشوێنانەی ده‌یگرنه‌به‌ر به‌رامبه‌ر هه‌ر خۆپیشاندانێكی توندوتیژ و هێرشی تێكده‌رانه، کە له‌و رۆژانه بكرێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تیمی گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ بایدن، ئاماژه‌ی به هیچ گۆڕانكارییه‌ك نه‌كردووه له پلانی ده‌ستبه‌كاربوون.
هه‌روه‌ها به‌پێی رای تۆم بۆمان-ی ریپۆرتێری ئێم پی ئار له پێنتاگۆن، ته‌واوی ئه‌و هێزانه‌ی ده‌هێنرێنه كه‌رتی كۆڵۆمبیا له واشنتۆن (دی سی) له‌لایه‌ن هه‌موو گاردی نیشتمانی ویلایه‌ته‌كانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن. ده‌شڵێت: "ئه‌م هێزانه زیاتر له‌شێوه‌ی پۆلیسی سه‌ربازیدان یاخود ئه‌زموونێكی بێوێنه‌یان له جێبه‌جێكردنی یاسادا هەیە".
رێوشوێنه‌كان زیاتر له دوای ئه‌و به‌یاننامه‌ی تره‌مپ هاتوون، كه داوایكرد هیچ تووندوتیژییه‌ك نه‌كه‌ن، کە ئاماژه‌یه بۆ خۆپیشاندانی دیكه.
تره‌مپ داوای له هه‌وادارانی كردووە هیچ پێشێلكارییه‌كی یاسایی نه‌كه‌ن، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گێره‌شێوێنی نه‌كه‌ن، چونكه ئه‌وه‌ی ئه‌مانه بكات نوێنه‌رایه‌تیی خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكا ناكات. ده‌شڵێت: "داوا له ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌كه‌م هاوكار بن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژیی و ده‌روونیان ئارامبكهنهوه".
هه‌میشه مه‌راسیمی جێگیركردن و ده‌ستبه‌كاربوونی سه‌رۆك له‌ژێر چاودێرییه‌كی ئه‌منی توونددا بووه، به‌ڵام بۆ ده‌ستبه‌كاربوونی جۆو بایدن، له 20ـی كانوونی دووه‌می 2021، رێوشوێنه ئه‌منییه‌كان تووندترن، ئه‌ویش دوای رووداوی هه‌ڵكوتانه سه‌ر بینای كاپیتۆڵ له 6ـی كانوونی دووه‌م.