سبەی لە تاران تەرمی وەزیری ئیتلاعات بەخاک دەسپێردرێت
پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بڵاویکردووەتەوە، سبەینێ دوای نوێژی هەینی، لە تاران رێوەڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعات بەڕێوەدەچێت.
ئیسماعیل خەتیب وەزیری ئیتلاعات کە هاوکات سەرۆکی ئەنجوومنی هەماهەنگی هەواڵگری بوو، لە هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە رۆژی سێشەممە، 17ـی ئەم مانگە لە تان کوژرا.
هەر لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ئیتلاعات هاتووە، لە مزگەوتی گەورەی تاران، دوای ئەنجامدانی نوێژی بە کۆمەڵی هەینی و بە ئامادەبوونی ئەندامانی خانەوادەیەکی و هاوەڵانی، رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ئیسماعیل خەتیب بەڕێوەدەچێت.
پوختەیەک لە ژیاننامەی ئیسماعیل خەتیب
لە ساڵی 1961 لە پارێزگای خوراسانی باشوور لە دایکبووە، لە ساڵی 1980 لە تەمەنی 19 ساڵی لە شاری قوم پەیوەندیی بە سوپای ئێرانەوە کردووە و دوای ئەوەی بە قورسی برینداربووە لە جەنگیی ئێران – عێراق، لە خزمەتی سەربازی بەخشراوە.
هەروەها لە 1985دا، دوای دەستبەکاربوونی موحسین رەزایی، بە ئەکەمین فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، ئیسماعیل خەتیب بە فەرمی بووە بەرپرسی یەکەی هەواڵگریی سوپای پاسداران و تاوەکوو 1991 لەم ئەرکەی بەردەوام بووە، دواتر ئەرکەکەی گواستراوەتەوە بۆ وەزارەتی ئیتلاعات و بووەتە بەرپرسی فەرمانگەی تایبەت بە جموجووڵەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە پارێزگای قوم.
لە ساڵی 1997، دوای ئەوەی عەلی فەلاحیان بوو بە وەزیری ئیتلاعات، خەتی بووەتە بەرپرسی دۆسیەی هەرێمی لەو وەزارەتە و یەکێک بووە لە چالاکترین بەرپرسانی هەواڵی دەرەکی لە مێژووی وەزارەتی ئیتلاعات و تاوەکوو 2003 لەو پۆستە ماوەتەوە.
لە 2010دا، ئیسماعیل خەتیب وەک متمانە پێکراوترین کەسایەتی چووەتە نووسینگەی پاراستنی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، پاشان لە 2012 تا 2019 سەرۆکایەتیی ناوەندی پاراستنی زانیارییەکانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێرانی بەڕێوەبردووە.
هەروا لە حوزەیرانی 2019 تا ئابی 2021 سەرپەرشتی دامەزراوەی ئەمنی پارێزگای قودسی رەزەوی کردووە، کە بەرپرسە لە کۆمەڵگەی مەزارگەی ئیمام رەزا لە مەشهەد، کە بە ناوچەیەکی گرنگ و پڕ بایەخی کۆماری ئیسلامی دەزانرێت.
لە مانگی ئەیلوولی 2022دا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دوو جار ئیسماعیل خەتیبی خستووە لیستی تیرۆر، یەکەمیان بەهۆی بەرپرسیارێتی لە هێرشی ئەلیکترۆنی سوپای پاسداران بۆ سەر ژێرخانی دیجیتاڵی حکوومەتی ئەلبانیا بوو. دوومیشیان هەر لە هەمان مانگدا بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە بووە لە ماوەی خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئێران.
ئیسماعیل خەتیب لە 25ی ئابی 2021 بووە بە وەزیری ئیتلاعات ولە 17ـی ئاداری 2026، مانگە لە هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە تاران کوژرا.